پێنتاگۆن کۆتوبەندی نوێ بەسەر میدیاکاندا دەسەپێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارێکی نوێی ئیدارەی ترەمپ، وادەکات رۆژنامەڤانان نەتوانن هیچ زانیارییەک لەسەر چالاکییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، بێ رەزامەندی بەرپرسانی پێنتاگۆن بڵاو بکەنەوە، ئەگەر نا، مۆڵەتی کارکردنیان لێ وەردەگیرێتەوە.
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) کۆمەڵێک کۆتوبەندی نوێی بەسەر ئەو میدیایانەدا سەپاند کە رووماڵی کاروباری سوپای وڵاتەکە دەکەن.
بەپێی رێوشوێنە نوێیەکان، رۆژنامەڤانان دەبێت بەڵێن بدەن هیچ زانیارییەک بڵاونەکەنەوە کە بە فەرمی رێگەی پێنەدرابێت، هەروەها هاتووچۆیان لەنێو باڵەخانەی وەزارەتی جەنگدا سنووردار دەکرێت.
ئەو رێنماییە نوێیانە، رۆژی هەینی لە یاداشتێکی درێژدا دەرکران، داوا لە رۆژنامەڤانان دەکەن بەڵێننامەیەک واژۆ بکەن کە پابەندی رێنماییەکان دەبن، ئەگەرنا مۆڵەتی کاری رۆژنامەڤانییان لەدەست دەدەن.
ئەم هەنگاوە نوێترین هەوڵی ئیدارەی دۆناڵد دۆناڵد ترەمپە بۆ کۆنترۆڵکردنی رووماڵی میدیایی سیاسەتەکانی ئەمریکا، دوای ئەوەی گوتی، دەکرێت هەواڵی نەرێنی "نایاسایی" بێت.
لە یاداشتەکەدا هاتووە: "پێنتاگۆن پابەند دەبێت بە شەفافیەت بۆ بەهێزکردنی لێپرسینەوە و متمانەی گشتی."
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا دەشڵێت: "پێویستە زانیارییەکان پێش بڵاوکردنەوەیان رەزامەندیی بەرپرسێکی دەسەڵاتپێدراوی فەرمییان لەسەر بێت، تەنانەت ئەگەر زانیارییەکان نهێنیش نەبن".
بەم هەنگاوە، لەمەودوا رۆژنامەڤانان ناتوانن بێ گەڕانەوە بۆ پێنتاگۆن، بە ناوی سەرچاوەی ناونەهێنراوەوە، زانیاری بڵاو بکەنەوە.
ئەم کۆتوبەندە نوێیە هەردوو جۆری زانیاریی نهێنی و "زانیاریی ئاشکراکراوی کۆنترۆڵکراو" دەگرێتەوە.
یاداشتەکە هەروەها باس لە کۆمەڵێک کۆتوبەندی بەرفراوانی نوێ دەکات لەبارەی ئەو شوێنانەی رۆژنامەڤانان دەتوانن بەبێ یاوەری فەرمی سەردانی بکەن لەنێو بارەگا فراوانەکەی سوپادا لە دەرەوەی واشنتن.
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "میدیا پێنتاگۆن بەڕێوە نابات، بەڵکو خەڵک بەڕێوەی دەبات. چیتر رێگە بە میدیا نادرێت بە هۆڵەکانی دامەزراوەیەکی ئەمنیدا بسووڕێتەوە. باجەکەت لەبەر بکە و پەیڕەوی رێنماییەکان بکە، یان بگەڕێرەوە ماڵەوە."
ئەم رێوشوێنە نوێیانە چەند مانگێک دوای ئەوە دێن کە هێگسەس رووبەڕووی رەخنەیەکی تووند بووەوە بەهۆی ئاشکراکردنی کاتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن لە گرووپ چاتێکی سیگناڵدا، کە بە هەڵە رۆژنامەڤانێکیشی تێدا بوو.
راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە هێگسەس، کە پێشکێشکاری پێشووی کەناڵی فۆکس نیووز و سەربازی دێرینی گاردی نیشتمانیی سوپایە، هەمان زانیاریی لە گرووپ چاتێکی دیکەی سیگناڵدا بڵاوکردبووەوە کە هاوژینەکەشی تێدا بووە.
گوتەبێژێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، کە زۆرجار دەکەوێتە بەر تووڕەیی ترەمپ، گوتی رێوشوێنە نوێیەکان "هەنگاوێکی دیکەن لە رەوتێکی نیگەرانکەردا بۆ کەمکردنەوەی دەستکەوتنی زانیاری لە بارەی ئەو چالاکییانەی سوپای ئەمریکا لەسەر ئەرکی باجدەران ئەنجامیان دەدات".
مایک باڵسامۆ، سەرۆکی یانەی رۆژنامەڤانیی نیشتمانی، هێرشی کردە سەر رێوشوێنە نوێیەکان و داوای لە پێنتاگۆن کرد بەپەلە هەڵیانبوەشێنێتەوە.
باڵسامۆ لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەگەر بڕیار وایە هەواڵەکانی سوپاکەمان سەرەتا لەلایەن حکومەتەوە پەسند بکرێن، ئەوا چیتر خەڵک رووماڵی سەربەخۆی دەستناکەوێت. بەڵکو تەنیا ئەوەیان پێدەگات کە بەرپرسان دەیانەوێت بیبینن. ئەمە دەبێت ببێتە جێی نیگەرانیی هەموو ئەمریکییەک."