فڕۆکەیەکی بارهەڵگر لە هۆنگ کۆنگ لە رێڕەوەکەی لایدا و دوو کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، فڕۆکەیەکی بارهەڵگر لەکاتی نیشتنەوەدا لە هۆنگ کۆنگ لە رێڕەوەکەی لایدا و کەوتە نێو دەریا. بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی هۆنگ کۆنگ، فڕۆکەکە لە دووبەیی ئیماراتەوە هاتبوو و کاژێر 03:50ی بەیانی بە کاتی نێوخۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هۆنگ کۆنگ دەنیشتەوە.
 
چوار ئەندامی تیمی فڕۆکەکە رزگارکران و گەیێندرانە نەخۆشخانە. راپۆرتە سەرەتاییەکانی پۆلیس دەڵێن، دوو کەس لەنێو ئۆتۆمبێلێکی خزمەتگوزاریی فڕۆکەخانەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
 
بەرپرسان رایانگەیاند، رێڕەوی باکووری فڕۆکەخانەی هۆنگ کۆنگ، کە یەکێکە لە قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەکانی ئاسیا و رووداوەکەی تێدا روویداوە، داخراوە. دوو رێڕەوەکەی دیکەی فڕۆکەخانەکە هێشتا کراوەن.
 
 
فڕۆکە بارهەڵگرەکە لە جۆری بۆینگ 747ـە و سەربە کۆمپانیای گواستنەوەی ئاسمانیی تورکیی (AirACT)ـە و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئال مەکتومەوە فڕیبوو.
 
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی سڤیلی هۆنگ کۆنگ رایگەیاند، لەگەڵ هێڵی ئاسمانی و لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە رووداوەکەوە لەسەر هێڵن.