یەکێتیی ئەورووپا: گوشار خستنە سەر ئۆکراینا رێگەیەکی راست نییە


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، لە لۆکسمبۆرگ جەختی کردەوە کە گوشارخستنەسەر ئۆکراینا بۆ قبووڵکردنی مەرجەکانی رووسیا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ ''رێگەیەکی راست نییە''. ئەم لێدوانە دوای بڵاوبوونەوەی چەند راپۆرتێکی میدیایی دێت کە ئاماژە بەوە دەکەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەوڵدایە بۆ گوشارخستنەر کیێڤ بۆ ئەوەی دەستبەرداری بەشێک لە خاکەکەی بێت.
 
رۆژی دووشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2025، کایا کالاس، لە دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ''ئەوەی کە نابێت لەبیری بکەین ئەوەیە کە رووسیا لایەنی دەستدرێژیکارە و ئۆکراینا لێرەدا قوربانییە. بۆیە گوشارخستنەسەر ئۆکراینا، کە قوربانییەکە، بۆ سازشکردن، لە بنەڕەتدا رێگەچارەیەکی هەڵە و نادادپەروەرانەیە.''
 
ئەم نیگەرانیانەی یەکێتیی ئەورووپا دوای ئەوە هات کە ترەمپ، رۆژی هەینی داوای لە مۆسکۆ و کیێڤ کرد شەڕ ''لە شوێنی خۆیاندا'' رابگرن، ئەمەش دوای گفتوگۆ تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا. 
 
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لە کۆشکی سپی، گوشاری خستووەتە سەر زیلینسکی بۆ ئەوەی سازشی خاک بۆ کرێملن بکات وەکو بەشێک لە رێککەوتنێکی ئاشتی.
 
کۆبوونەوەکەی واشنتن، کیێڤی تووشی نائومێدییەکی قووڵ کرد، چونکە ترەمپ هیواکانی پووچەڵکردەوە سەبارەت بەوەی ئەمریکا بتوانێت مووشەکی کروزی دوورمەودای جۆری تۆماهۆک بداتە ئۆکراینا، کە دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە بەرەکانی جەنگدا بگۆڕێت.
 
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ترەمپ، تووڕە بووە لەوەی کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی، کە زۆر ستایشی دەکردن، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئۆکراینا تاوەکو ئێستا وەستاون و ئەنجامێکی بەرچاویان نەبووە.
 
کالاس، گوتی: ''هەموومان پشتگیریی هەوڵەکانی سەرۆک ترەمپ دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام پێویستە لەوە تێبگەین، کە پووتین تەنیا ئەو کاتە بە جددی دانوستاندن دەکات کە لە رووی سەربازییەوە هەست بکات دەدۆڕێت.''
 
بەرپرسە باڵاکەی یەکێتیی ئەورووپا هۆشداری دا، کە رێگەدان بە سەرکردایەتیی رووسیا بۆ ''بەدەستهێنانی ئەوەی دەیانەوێت'' لە ئۆکراینا، پەیامێکی زۆر مەترسیدار بۆ دەستدرێژیکارەکانی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا دەنێرێت و هانیان دەدات. گوتیشی، ''ئەگەر دەستدرێژی ئەنجامی ئەرێنی هەبێت و ببێتە هۆی دەستکەوتی خاکی، ئەوا وەکو بانگهێشتێک بۆ بەکارهێنانی هەمان تاکتیک لە شوێنەکانی دیکەی جیهانیشدا خزمەت دەکات و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی لاواز دەکات.''