راپۆرتێکی بەریتانی: هەوڵگریی رووسیا بۆ پڕکردنی ئەورووپا لە کۆچبەران کار لەگەڵ قاچاخچییەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی بەریتانی دەریدەخات، رووسیا هاوکاریی باندە قاچاخچییەکان دەکات بۆ رەوانەکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیا و وەزیری ناوخۆی بولگاریاش ئاماژە بەوە دەکات، دەزگە هەواڵگرییەکانی رووسیا، هاوئاهەنگییان لەگەڵ باندە قاچاخچییەکان هەیە بۆ پڕکردنی ئەورووپا و بەریتانیا لە کۆچبەران.
رۆژی یەکشەممە، رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و باس لەوە دەکات چۆن دەزگە هەواڵگرییەکانی رووسیا هاوکاری باندە قاچاخچییەکان و کۆچبەران دەکەن سەبارەت بە دۆزینەوەی رێگەی سەلامەت و بێ کێشە تاوەکو خۆیان بگەیێننە وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیا و خۆیان لە دیپۆرتکردنەوە بدزنەوە.
دانیاڵ میتۆڤ، وەزیری ناوخۆی بولگاریا کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەشداری لووتکەی لەندەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆچبەران بکات، راگەیاندووە رووسیا لەگەڵ گرووپەکانی بەقاچاخبردنی مرۆڤ کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەورووپا پڕ بکات لە کۆچبەران.
هەروەها هۆشداری دەداتە بەرپرسانی بەریتانی، هەر کەسێکی بەریتانی لەو رێگەیەدا هاوکاریی ئەو گرووپ و کۆچبەرانە بکات، بەتایبەتی لەسەر سنوورەکانی بولگاریا و تورکیا، رووبەڕووی زیندان و سزای گەورە دەبێتەوە.
لە مانگی کانوونی دووەم ئەم ساڵدا، بولگاریا چووە نێو ناوچەی شنگنی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمەش بەو واتایە دێت، ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی لە رێگەی سنوورەکانی تورکیاوە دەچنە نێو خاکی بولگاریاوە، دەتوانن زۆر ئاسانتر بگەنە وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا.
بڕیارە لووتکەی لەندەن چوارشەممەی داهاتوو، بە سەرۆکایەتیی کیەر ستامەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە لەندەن بەڕێوەبچێت، تێیدا گفتوگۆ لەسەر پتەوکردنی هاوهانگییەکان لەنێوان وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیا بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەرانی نایاسایی کە لە وڵاتانی رۆژئاوای بالکانەوە روو لە وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا و بەریتانیا دەکەن.
میتۆڤ، ئاماژەی بەوە کردووە، هەندێک لە رێکخراوە ناحکومییەکانی ئەورووپا لە بواری کۆچبەراندا، "رەنگە بەبێ مەبەست، یارمەتیی رووسیا و باندە قاچاخچییەکان" بدەن. ئەو بە رۆژنامەی تەلەگرافی راگەیاندووە، "لە بنەڕەتدا ئەوان پێیانوایە دەبێ هەموو خەڵکی هەژار لە جیهاندا روو لەم ناوچەیە بکەن و رێگەیان بدەین خۆیان جێگیر بکەن و ئازادی هاتووچۆ و نەبوونی سنوور هەبێت. بۆیە بەداخەوە ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەو رێکخراوە ناحکومیانە هەیە کە لەوانەیە بەبێ مەبەست بەشداری پیلانەکانی ئەو دەوڵەتە دوژمنانە بکەن، بەوەی لە رێگەی تۆڕە تاوانکارییەکانەوە، خەڵک بە قاچاخ دەبەنە نێو خاکی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیاوە. لێشاوی کۆچبەری نایاسایی ئامڕازێکە بۆ رژێمە نەیارەکان بۆ دروستکردنی ناسەقامگیریی لە یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا."
ئەو بەرپرسەی بولگاریا، ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە، وڵاتانی ئەورووپا "ماڵێک دروست بکەن و ئازادییە ناوخۆییەکانمان بپارێزین. نەک قەڵا بەڵکو ماڵێک کە پێویستی بە دیوار هەیە. هەموو ماڵێک پێویستی بە دیوار هەیە. ئەو دیوارانە پێویستە پتەو بن و دەروازەیەک هەیە هەموو میوانێک دەتوانێت لێیەوە بچێتە ژوورەوە."
لای خۆیەوە، ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، رایگەیاند: "ئاشکرایە کۆچکردنی نایاسایی بۆ ئەورووپا و دەرەوەی ئەورووپا تەنیا بەهۆی تۆڕەکانی تاوانی رێکخراوەوە نییە، بەڵکو لەلایەن ئەکتەر و وڵاتانی نەیارەوە کە دەیانەوێت ئەورووپا ناسەقامگیر بکەن."