بەنزینخانەکانی لوکئۆیل لە فینلاند دادەخرێن
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای تێب ئۆیڵی فینلاندی، کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای زەبەلاحی نەوتی رووسی لوک ئۆیڵ، رایگەیاند، بەهۆی تەواوبوونی یەدەگی سووتەمەنی و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆمپانیا رووسییەکە، ئامادەکاری دەکات بۆ داخستنی سەرجەم بەنزینخانەکانی لەو وڵاتە.
تێب ئۆیڵ یەکەمین لقە نێودەوڵەتییەکانی لوک ئۆیڵە کە بەهۆی سزاکانەوە بە فەرمی داخستنی کارەکانی رابگەیێنێت.
ئەم پێشهاتە تەنیا لە سنووری فینلاند نەماوەتەوە؛ لوک ئۆیڵ لە کێڵگەی نەوتی "قورنەی رۆژئاوای 2"ش لە عێراق دۆخی نائاسایی راگەیاندووە، ئەوەش دوای ئەوەی بەغدا هەموو پارەدانێکی نەوتی و کاشی بۆ کۆمپانیاکە راگرت. هاوکات بەڵێندەرێکی لوک ئۆیڵ پلانەکانی هەڵکەندنی بیری نەوتیی نوێی لە رۆمانیا هەڵوەشاندەوە و بولگاریاش ئامادەکاری دەکات بۆ دەستگرتن بەسەر پاڵاوتگەیەکی کۆمپانیاکە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی تێب ئۆیڵ، کۆمپانیاکە خاوەنی 430 بەنزینخانەیە لە فینلاند. بەپێی راپۆرتێکی پیشەسازیی ساڵی 2024، ئەم ژمارەیە نزیکەی 20٪ـی کۆی بەنزینخانەکانی فینلاندە.
تێب ئۆیڵ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "وێستگەکان قۆناخ بە قۆناخ دادەخرێن دوای ئەوەی یەدەگی سووتەمەنییان لێ تەواو دەبێت"، بەبێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو بۆ داخستنی تەواوەتی دیاری بکات.
رۆژنامەی ئیلتا سانۆماتی فینلاندی بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیاکە لە نامەیەکدا هۆشداریدابووە حکومەتی فینلاند کە ئەگەر کارەکانیان بوەستێت، ژێرخانی وزەی وڵاتەکە رووبەڕووی "پچڕانی مەترسیدار" دەبێتەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، وێستگەکانی تێب ئۆیڵ هەلی کاریان بۆ نزیکەی 1200 کەس رەخساندووە، سەرەڕای 180 کارمەندی دیکە لە کارگەی بەرهەمهێنانی رۆنی لوک ئۆیڵ لە باشووری فینلاند، کە ئەوانیش مەترسی لەدەستدانی کارەکانیان لەسەرە.
وەزارەتی ئابووریی فینلاندیش رایگەیاند: "دابینکردنی سووتەمەنی لە فینلاند لە مەترسیدا نییە، چونکە تێب ئۆیڵ خۆی لە فینلاند سووتەمەنی ناپاڵێوێت، بەڵکو دابەشکاری بەرهەمەکانی پاڵاوگەی (نێستێ)ی فینلاندییە و هاووڵاتییان دەتوانن روو لە فرۆشیارانی دیکە بکەن."
مانگی رابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە سزای بەسەر لوک ئۆیڵدا سەپاند، کە بووە هۆی تێکدانی کارە نێودەوڵەتییەکانی ئەو کۆمپانیایە. دەسەڵاتی چاودێریی دارایی فینلاندیش هۆشداری دایە بانک و دامەزراوەکان کە لە مامەڵەکردن لەگەڵ لوک ئۆیڵ و لقەکانی وریا بن.