وەک ناڕەزاییەک، ژمارەیەک خوێندکار لە کاتی گوتاری راوێژکاری ئەڵمانیا هۆڵەکە جێدەهێڵن
رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە پێکەوەژیاندا، کاتێک فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا چووە سەر تەختەی شانۆ بۆ پێشکێشکردنی گوتارەکەی، نزیکەی 30 خوێندکار بەبێ دەنگی و وەکو ناڕەزاییەک، هۆڵەکەیان جێهێشت.
خوێندکارەکان، کە زۆربەیان لە خێزانی کۆچبەرانن، لە قسەکانی مانگی رابردووی مێرتس نیگەرانن کە گوتبووی: "کۆچبەران سیمای شارەکانیان شێواندووە و بوونەتە هۆی کێشەی ئەمنی".
خوێندکارەکان نیشانەیەکیان لە یەخەیان دابوو، کە لەسەری نووسرابوو "ئێمە سیمای شارین"، وەکو وەڵامێک بۆ مێرتس کە ئەوانیش بەشێکی گرنگن لە ئەڵمانیا، نەک هۆکاری تێکدانی.
سەرەڕای چوونەدەرەوەی خوێندکاران، مێرتس گوتارەکەی نەبڕی و باسی ئەوەی کرد کە "مێژووی ئەڵمانیا بێ کۆچبەران خراپتر دەبوو"، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت پرسی کۆچ کۆنترۆڵ بکرێت.
مێرتس ماوەیەکە بەهۆی قسە و لێدوانەکانییەوە لەلایەن خەڵکی ئەڵمانیا، تەنانەت گەنجانی نێو پارتەکەی خۆیشییەوە رووبەڕووی رەخنەی تووند دەبێتەوە.
ئەو خوێندکارانەی گوتارەکەیان چوونە دەرەوە، ژمارەیان 30 کەس بوو و خاوەن سکۆلارشیپ بوون و زۆربەیان بە رەچەڵەک کۆچبەر بوون.
بۆنەکە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی "تالیسمان" بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بوو لە ناوچەی کرۆیزبێرگ لە بەرلین کە رۆژی چوارشەممە رێکخرابوو.
رێوڕەسمەکە لەلایەن دەزگای "ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتیی ئەڵمانیا" رێکخرابوو کە مێرتس وەک راوێژکار سەرپەرشتیاری دەکات؛ خەڵاتەکان رێزلێنانە بۆ ئەو کەسانەی کە پابەندن بە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، هەروەها ئەوانەی پەرە بە بەها دیموکراسییەکان و پرسی ئاوێتەبوون لە ئەڵمانیا دەدەن.