سەرکردەی حووسییەکان: ئەگەر ئەمریکا هێرشمان بکاتە سەر، وەڵامیان دەدەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئەمریکا لەگەڵ چەند وڵاتێک رێککەوت بۆ ئەوەی کەشتییەکانی دەریای سوور لە هێرشەکانی حووسییەکان بپارێزن. حووسییەکانی یەمەن دەڵێن، "ئەگەر ئەمریکا هێرشبکات ئێمەش وەڵاممان دەبێت".
رۆژی چوارشەممە، 20-12-2023، عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەی حووسییەکانی یەمەن لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، "ئەگەر ئەمریکییەکان بیانەوێت دۆخەکە زیاتر هەڵکشێت، زیاتر دەستوەردان بکەن و گەمژانە وڵاتمان بکەنە ئامانج، ئێمەش ئەوان دەکەینە ئامانج."
حووسی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی گوتی، "ئێمە کەشتی و بەرژوەندییەکانی ئەمریکییەکان دەکەینە ئامانجی مووشەک و درۆنەکانمان."
ئەم لێدوانەی سەرۆکی حووسییەکان دوای ئەوە دێت کە دوێنێ سێشەممە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە مەنامەی پایتەختی بەحرێنەوە رایگەیاند، "ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە سیاسەت و پلانێکی نوێی پاراستنی کەشتییەکانی دەریای سوور لە هێرشی حووسییەکان جێبەجێدەکەن."
بەگوێرەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئەو وڵاتانەی کە لەو ئەرکە بەشداریی دەکەن بریتیین لە بەریتانیا، بەحرێن، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نەرویج، سیشێڵ و ئیسپانیا.
پێنتاگۆن دەڵێت، تائێستا حووسییەکان لانیکەم 100 مووشەک و درۆنیان ئاراستەی 10 کەشتیی بازرگانی و بارهەڵگر لە دەریای سوور کردووە.
حووسییەکانیش چەند جارێک گوتوویانە، "هێرشەکان بۆ سەر ئەو کەشتییانەیە کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە و وەک پاڵپشتییەکە بۆ برایانمان لە غەززەی داگیرکراو."
عەبدولمەلیک حووسی هەر هەڕەشەی لە ئەمریکا نەکرد، بەڵکو رووی لە وڵاتەکانی دیکەی ئەو ئەرکە کرد و گوتی، "کاتێک لەگەڵ ئەمریکییەکان لە خزمەتی ئیسرائیلدا دەبن، ئێمە بە مانای وشە گەلی خۆتان لەو تاوانە تێوەدەگلێنن."
دوێنێ سێشەممە، محەممەد عەلی حووسی، کە یەکێکە لە بەرپرسەکانی حووسییەکان و سەرۆکی پێشووی لێژنەی شۆڕشی یەمەنی بوو، بە میدیای ئێرانی گوت: "هەر وڵات لە دژی یەمەن بجووڵێتەوە، لە دەریای سوور لە کەشتییەکەی دەدەین."
یەکەم هێرشی ئاویی حووسییەکان دوای شەڕی غەززە رۆژی 19-11-2023 کاتێک بە هێلیکۆپتەر هێرشیانکردە سەر کەشتییەک بە ناوی "گالاکسی لیدەر" و بە 25 ستافەوە رفاندنیان.
ئەوکات، یەحیا سەریع هۆشداریدا، "هەموو کەشتییەکی ئیسرائیل یان سەر بە ئیسرائیل لە دەریای سوور دەبێتە ئامانجی شەرعیی هێزەکانی حووسی."
دوایین هێرشیشیان لە رۆژی دووشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 بوو کاتێک حووسییەکانی یەمەن لە راگەیێندراوێکدا گوتیان، "هێزە چەکدارەکانی یەمەن ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بۆسەر دوو کەشتی سەر بە قەوارەی زایۆنی ئەنجام دا".
یەکێک لەو کەشتییانەی هێرشی کراوەتە سەر کەشتییەکی نەرویجییە؛ دوای هێرشەکەش راگەیێندراوێک لەلایەن کۆمپانیای خاوەندارێتی کەشتییەکە بڵاوکرایەوە و رایگەیاند، "بە خۆشحاڵییەوە، هیچ کەسێک لە کارمەندانی سەر کەشتییەکە بریندار نەبوون؛ هەواڵەکان ئەوە دەردەخەن کە کەشتییەکە هەندێک زیانی بەرکەوتووە".
بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکی ، رۆژی شەممە، 16-12-2023، کەشتیی فرۆکەهەڵگری جۆری یو ئێس ئێس کارنی کە لە دەریای سوور جموجۆڵ دەکات، 14 هێرشی درۆنیی شكستپێهێناوە کە لەناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکان ئاراستەکراون.
هاوکات، کەشتی جەنگیی بەریتانیی جۆری HMS Diamond كە بەمدواییانە گەیشتووەتە ناوچەکە، درۆنێکی حوسییەکانی خستە خوارەوە، ئەمەش یەکەمجارە بەریتانیا لە دەریای سوور لە وەڵامدانەوەی حوسییەکان تێوەدەگلێ لەوەتەی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.
رۆژی دووشەممە 18-12-2023، گەورە کۆمپانیای نەوتی بەریتانی بی پی، بڕیاریدا گەشتی هەموو کەشتییەکانی لە دەریای سوور رابگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی حووسییەکان زنجیرە هێرشێکیان کردە سەر چەند کەشتییەکی رێڕەوی بابولمەندەب لە دەریای سوور.
هەروەک لە بڵاوکراوەکەی کۆمپانیای بی پی هاتووە، "بڕیارەکە بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی ئاسایشی دەریایی ناوچەکە دراوە."
ئەمە یەکەم کۆمپانیا نییە ئەو بڕیارە بدات؛ درەنگی شەوی هەینی، 15-12-2023، دوو گەورە کۆمپانیای بازرگانیی کەشتی لە جیهان بە ناوەکانی مایەرسک (Maersk) و هاپاگ لۆید (Hapag-Lloyd) بڵاویانکردەوە، "بەهۆی گرژییەکانی حووسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور، گەشتی کەشتییەکانیان وەستاندووە." ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی 14-12-2023 حووسییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی ئەڵمانی و دانیمارکی راگەیاند.
گرووپی حووسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دەکرێن، بەشێکی گەورەی یەمەنیان بەدەستەوەیە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دانیان پێدانەنراوە، رایانگەیاندووە، ئەوان وەک گوشارێک لەسەر ئیسرائیل کە شەڕ دژی فەلەستینییەکان دەکات، هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییانەی سەر بە ئیسرائیلن یان بۆ ئیسرائیل دەڕۆن.