ترەمپ: بە هێرشێکی فراوان بۆ سەر داعش، تۆڵەی خوێنی سەربازەکانمان کردەوە


رووداو دیجیتاڵ

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هێرشێکی سەربازیی بەرفراوان زیاتر لە 70 ئامانجی رێکخراوی داعشی لە نێوەڕاستی سووریا بۆردوومانکرد. دۆناڵد ترەمپ ئەم ئۆپەراسیۆنەی بە "تۆڵەسەندنەوەیەکی زۆر تووند" ناوبرد لە بەرامبەر ئەو سێ ئەمریکییەی هەفتەی رابردوو لە نزیک تەدموور کوژران.
 
 هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، ئەم پاڵپشتییە ئاسمانییە بەردەوامە "ئامرازێکی یەکلاییکەرەوەیە" بۆ ئەوەی رێگری لە رێکخستنەوەی شانەکانی ئەو رێکخراوە بکرێ.
 
بەرەبەیانی شەممە 20-12-2025، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانی بە هاوئاهەنگی سوپای ئوردن، ئۆپەراسیۆنێکی گشتگیری بۆ سەر ژێرخانی چەک و تەقەمەنیی داعش ئەنجام داوە. لەو هێرشانەدا کە چەندین ناوچەی جیاوازی نێوەڕاستی سووریای گرتووەتەوە، زیاتر لە 100 مووشەکی وردپێکێن بەکارهێندراون.
 
"گورزێک کە وێنەی نەبووە"
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە کارۆلاینای باکوور سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەی راگەیاند و گوتی: "تەنیا دوو کاژێر پێش ئێستا، گورزێکی کوشندەمان لە چەتەکانی داعش لە سووریا وەشاند. ئەوان هەوڵیان دەدا ریزەکانیان رێکبخەنەوە، بەڵام ئێمە زۆر بە تووندی لێمان دان."
 
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا، ئەم هێرشە نوێیانەی وەک بەشێک لە سەرکەوتنە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی نیشان دا و رایگەیاند: "لە 10 مانگدا کۆتاییم بە 8 جەنگ هێنا، هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێرانم تێکشکاند و کۆتاییم بە جەنگی غەززە هێنا. ئێستا بۆ یەکەمجار لە سێ ساڵدا، ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدیهاتووە."
 
ترەمپ لە پەیامێکی هەڕەشەئامێزیشدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسی: "هەر کەسێک هێرش بکاتە سەر ئەمریکییەکان، زۆر بە تووندی لێی دەدەین، هێندە بە سەختی کە پێشتر گورزی وای بەرنەکەوتبێت."
 
هاوکات سێنتکۆم ئاشکرای کرد، لە دوای هێرشەکەی تەدموور، لە 10 ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سووریا و عێراق، 23 چەکداری "تیرۆریست" کوژراون یان دەستگیرکراون.
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایانگەیاند: "ئەم هێرشانە بۆ پەکخستنی کارە تێکدەرانەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەم قۆناخەدا زۆر گرنگن."
 
هەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەزموون دەریخستووە شەڕی دژ بە تیرۆر نابێت بووەستێت یان خاو ببێتەوە، چونکە "داعش هێشتا وەک هەڕەشەیەکە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە ماوەتەوە."
 
لەم چوارچێوەیەدا فەرماندەیی هەسەدە رایگەیاند، رێکخراوی داعش هەوڵ دەدات سوود لە هەر بۆشاییەکی سەربازی یان سستییەک لە هەوڵە ئەمنییەکاندا وەربگرێ، بۆیە پێداگری دەکات لەسەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان تاوەکو "لەنێوبردنی تەواوەتیی تواناکانی ئەو رێکخراوە."
 
ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئەمریکا وەڵامێک بوو بۆ کەمینێکی رۆژی 13ـی کانوونی یەکەم لە شاری تەدموور لە پارێزگای حومسی سووریا. 
 
لەو هێرشەدا ئەم سێ ئەمریکییە گیانیان لەدەستدا:
 
- ویلیام هاوارد (29 ساڵ): ئەندامی پاسەوانی نیشتمانیی ویلایەتی ئایۆوا.
 
- ئێدگار تۆرێس تۆڤار (25 ساڵ): ئەندامی پاسەوانی نیشتمانیی ویلایەتی ئایۆوا.
 
- ئەیاد مەنسوور: وەرگێڕێکی سڤیلی دانیشتووی میشیگن.
 
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ و گەورە بەرپرسانی وەزارەتی جەنگ لە بنکەی ئاسمانیی دۆڤەر لە ویلایەتی دێلاوێر بەشدارییان لە رێوڕەسمی گەڕانەوەی تەرمی ئەو سێ کەسە بۆ ئەمریکا کرد.
 
"ئەندامێکی سوپای سووریا هێرشەکەی کردووە"
 
یەکێک لە وردەکارییە جێی سەرنجەکان لەم رووداوەدا، لێدوانەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بوو. نورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند، ئەو کەسەی لە تەدموور هێرشی کردە سەر ئەمریکییەکان، ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سووریا بوو؛ گوتیشی: "ئەو کەسە بڕیار بوو بەهۆی هەڵگرتنی بیرۆکەی ئیسلامیی تووندڕۆ لە ریزەکانی سوپادا دەربکرێ."
 
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە پۆستێکدا لە ئێکس جەختی لەسەر پابەندبوونی دیمەشق کردەوە بۆ جەنگی دژی داعش و رایگەیاند: "رێگە نادەین هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ داعش لەسەر خاکی سووریا بمێنێت."