کۆشكی سپی: وەڵاممان بۆ هێرشەکانی سەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی کۆشکی سپی دەڵێت، ئەمریکا هێرشی سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار "بە جیدی وەردەگرێت و وەڵامی دەبێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 21-1-2024، راوێژکارێک لە کۆشکی سپی رایگەیاند، هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کە لەلایەن میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانەوە کران "بە جیدی وەردەگیرێت."
 
رۆژی شەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2024، گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران، لانیکەم بە 15 مووشەک هێرشیان کردە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ئەنبار، 13ـیان بەرپەرچدرانەوە و دووانیان بە بنکەکە کەوتن، ئەمە وەک بەرپرسانی ئەمریکی باسی دەکەن: "بوونە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی."
 
جۆن فاینەر، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، ئەمە هێرشێکی جیدی بوو کە تێیدا مووشەکی بالیستیی بەکارهاتبوون و بوونە هەڕەشەیەکی گەورە.
 
فاینەر گوتیشی، "ئێمە وەڵاممان دەبێت، بۆ ئەوەی ئەو هێرشانە دووربخەینەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ بکەرانی ئەم هێرشە بکرێت. دڵنیابن کە ئێمە ئەو هێرشە زۆر بە جیدی وەردەگرین."
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە، "هێرشەکە دەورووبەری کاژێر 6:30 ئێوارە بووە و کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایشی عێراق بە سەختی بریندار بووە."
 
دەیڤ واڵاس، ئەندامی پارتی کۆماری باس لەوە دەکات "ئەمە جەنگێکە لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوەدەبردرێت و لەلایەن رووسیا و چینەوە پشتیوانیی دەکرێت لەدژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا، لەنێویاندا کوردستان و خەڵکی باشی عێراق. کاتی ئەوە هاتووە لەسەریان تووندی بکەین."
 
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان "بە مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە دژی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.
 
یەکەم هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر ‌هێزەکانی ئەمریکا، بەپێی ئەو راگەیێندراوانەی لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023 بوو، کە رایانگەیاند بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و هەریر لە هەولێر.