ترەمپ لە داڤۆس: ئێرانمان خاپوور کرد و چیدی کەڵەگا نییە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس گوتی، رێگەیان گرتووە لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، جەختی کردەوە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە، ئێران چیدی "کەڵەگای" رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-1-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئێران زۆر نزیک بووە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و گوتی: "ئەگەر ئێمە تێکمان نەشکاندنایە، ئێران لە ماوەی 2 مانگدا چەکی ئەتۆمیی دەبوو. ئەوان زۆر نزیک بوون، بەڵام ئێمە بە تووندی لێمان دان و ئەوە لەناوبردنێکی تەواوەتی بوو."
ترەمپ هێرشەکەی وەک "خاپوورکردنێکی بێوێنە" وەسف کرد و رایگەیاند، رەنگە تاران هەوڵبداتەوە، بەڵام دەبێت لە شوێنێکی دیکەوە دەست پێ بکات، چونکە ناوچەکانی پێشوویان بە تەواوی لەنێو چوون.
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد، پێشتر ئێران وەک "کەڵەگای ناوچەکە" دەبینرا و وڵاتانی وەک سعودیە، ئیمارات و قەتەر رێککەوتنی ئاشتییان واژۆ نەدەکرد. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئێمە ئەو هەورە رەشەمان لابرد کە ناوی ئێران بوو. ئێستا چیدی ئەوان کەڵەگا نین و هەر بەو هۆیەشەوە توانیمان ئاشتی لە ناوچەکەدا بەدیبهێنین."
رۆژی یەکشەممە 22-6-2025، ئەمریکا هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان لە ئێران
دۆناڵد ترەمپ لە دافۆس ستایشی هێزی سەربازیی وڵاتەکەی کرد و باسی لەوە کرد، کە هێرشەکانی سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لە کاژێر 2ـی شەودا و لە تاریکیی رەها بە فڕۆکەی جەنگیی "B2 Bomber" کراون.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "تازە 25 دانەی نوێمان لەو فڕۆکە جوانانە داوا کردووە. بۆمبی 100 هەزار پاوەندیمان بەکارهێنا و هەموو ئامانجەکانمان پێکا." هەروەها ئاماژەی بە بەکارهێنانی مووشەکی "تۆماهۆک" کرد کە لە ژێردەریاییەکانەوە لە دووریی 300 میل ئاراستەی بنکەکان کراون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بە رێککەوتنی غەززە کرد و رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە رێککەوتنەکە بە فەرمی واژۆ دەکرێت. ترەمپ ئاشکرای کرد، بڕیارە ملیاران دۆلاری ئەمریکی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە وەبەربهێنرێت.
سەبارەت بە چەک داماڵینی حەماس، ترەمپ گوتی: "حەماس رازی بووە چەکەکانی دابنێت. ئەوان بە چەکەوە لەدایک بوون و ئەمە بۆیان ئاسان نییە، بەڵام دەبێت بیکەن. 2 بۆ 3 رۆژ یان 3 هەفتەیان لەبەردەمە؛ ئەگەر چەک دانەنێن، زۆر بە خێرایی لەناو دەبرێن."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، 59 وڵات بەشێکن لە رێککەوتنی گشتگیری ئاشتی لە ناوچەکەدا و هەموو جیهان دەیەوێت حەماس لەناو ببات. هەروەها ئاماژەی بە بوونی "بڵێسەی بچووک" لە لوبنان و کێشەی حیزبوڵڵا کرد، بەڵام دووپاتی کردەوە، ئێستا ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیر بووە.