باڵیۆزی عێراق دەڵێت سەرۆک بارزانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئیتاڵیا کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی عێراق لە ئیتاڵیا بە رووداوی راگەیاند، بڕیارە سەرۆک بارزانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئیتاڵیا کۆببێتەوە.
دیاری ئەحمەد مەجید، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشتر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی ئاگاداری کردوونەتەوە: "ئەمڕۆ لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە".
دیاری ئەحمەد مەجید گوتی، سبەی پێنجشەممەش لەگەڵ گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگری کۆدەبێتەوە.
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بە گەشتێکی دیپلۆماسی لە دەرەوەی وڵاتە: "لە ئەگەری گەڕانەوەی، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە."
ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی گەیشتە ڤاتیکان و بە جیا لەگەڵ پاپای ڤاتیکان و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە یاوەریی سەرۆک بارزانیی دەکات بۆ ڤاتیکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی قەداسەتی پاپایە و، ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان دەبێت. دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان و پيترۆ پارۆلين، سهرۆكوهزيرانى ڤاتيكان، دەچێتە ئیتاڵیا."
لە سەردانەکەدا شاندێک یاوەریی سەرۆک بارزانی دەکات کە پێکهاتووە لە ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ دیاری ئەحمەد مەجید، باڵیۆزی عێراق لە ڤاتیکان و رێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا.