لە بەرلین کەسێک بە چەکی سپی بریندارکرا و گومانلێکراو دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا رۆژی هەینی رایگەیاند، لە مۆنۆمێنتێکی تایبەت بە هۆڵۆکۆستی جووەکان، پیاوێک بە چەکی سپی بریندارکراوە و هێرشکارەکە دەستگیرکراوە. 
 
نات فلۆریان، گوتەبێژی پۆلیسی بەرلین بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، هێرشەکە کاژێر 6:00ـی ئێوارەی رۆژی هەینی بە کاتی بەرلین (08:00ی شەو بە کاتی هەولێر) کراوە و هێرشکارەکە کاژێر 08:45 خوولەک بە کاتی بەرلین (10:45 خوولەک بەکاتی هەولێر) دەستگیرکراوە. 
 
فلۆریان بە پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداوی گوت، بریندارەکە گەشتیارێکی ئیسپانیی تەمەن 30 ساڵانە و بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە، گوێزراوەتەوە نەخۆشخانە، بەڵام ژیانی لە مەترسیدا نییە و نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت. 
 
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا، فلۆریان باسی لەوە کرد کە جارێ نازانن لە هێرشەکەدا چەقۆ یان چ جۆرە چەکێکی دیکەی سپی بەکارهێنراوە.
 
بە گوتەی گوتەبێژەکە، ئەو پیاوەی بە تۆمەتی هێرشەکە دەستگیرکراوە، جارێ ناسنامەی دیار نییە. 
 
مۆنۆمێنتەکە دەکەوێتە بەرامبەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و هێرشەکە تەنیا دوو رۆژ پێش هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکەی ئەڵمانیا دێت.