بەهۆی سەرماوە لە نەمسا 5 کەس گیانیان لەدەستدا و 70 هەزار ماڵ بێ کارەبا مانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی نەمسا دەڵێن، بەهۆی سەرمایەکی تووندەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و پچڕانی کارەبا و پەککەوتنی هاتووچۆش پشێوییەکی گەورەی دروست کردووە.
 
پۆلیسی نەمسا دەڵێ، لە شاری لینز لە باکووری وڵاتەکە، پیاوێکی تەمەن 53 ساڵ گیانی لەدەستدا، ئەوەش کاتێک ئامێرێکی بەفرڕاماڵین لەنێو کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبووندا بەسەریدا کەوت.
 
وەک پۆلیس دەڵێ، چوار هاووڵاتیش کە خلیسکێنەی سەر بەفریان دەکرد، لە ئەنجامی رنووی بەفر لە هەرێمی تیرۆڵ لە رۆژئاوای نەمسا گیانیان لەدەستدا. سێ لەوان لە نزیک هاوینەهەواری (سانت ئەنتۆن) گیانیان لەدەستداوە و کەسی چوارەمیش هاووڵاتییەکی ئەڵمانی بووە لە ناوچەی ناودێرس و کوڕە 16 ساڵانەکەشی بە سەختی بریندار بووە.
 
دەسەڵاتدارانی تیرۆڵ داوایان لە هاووڵاتیان کردووە لەو شوێنانە دووربکەونەوە کە بۆ خلیسکانێ دیارینەکراون و دەڵێن، ژمارەی ئەو کەسانەی لەم وەرزەدا بەهۆی رنووی بەفرەوە لە نەمسا گیانیان لەدەستداوە گەیشتوەتە 21 کەس.
 
لە رۆژی پێنجشەممەوە نزیكەی 40 سانتیمەتر بەفر لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەڵپ باریوە. ئەمەش وایکردووە فڕۆکەخانەی ڤییەنا بۆ ماوەیەک دابخرێ و گەشتەکانی دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینیش ئاستەنگی گەورەیان بۆ دروست بێت و زۆریشیان هەڵبوەشێنەوە.
 
 کۆمەڵەی ئۆتۆمبێلی نیشتمانی بڵاویکردەوە، یەکێک لە رێگە سەرەکییەکانی دەوروبەری ڤییەنا بۆ چەندین کاژێر داخرا و چەندین بارهەڵگر لەنێو بەفردا گیریان خوارد
 
کۆمپانیاکانی دابەشکردنی وزەش رایانگەیاند، لە ناوچەی ستیریا لە باشووری نەمسا، کارەبای 30,000 ماڵ بڕاوە. 
 
ئەم شەپۆلە تەنیا نەمسای نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە سلۆڤینیای دراوسێش کارەبای 40,000 ماڵ بڕاوە و زیانێکی زۆر بە ژێرخانی وزە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە گەیشتووە.