ناوەندێکی توێژینەوە هۆشداری دەداتە سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دۆخی سووریا
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندێکی توێژینەوەی ئەمریکی دژی پەلەکردن لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا هۆشداری بە ئیدارەی ترەمپ دەدات و دەڵێت، ئەگەر واشنتن بێ ستراتیجییەکی روون و بە شێوەیەکی ناوەخت بکشێتەوە، سووریا تووشی هەمان چارەنووسی لیبیا دەبێت و دەبێتە گۆڕەپانی شەڕی هێزە بەوەکالەتەکان و گرووپە تووندڕۆکان.
کەرت دەیڤس، توێژەری باڵا لە پەیمانگەی (ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک ) لە گوتارێکی شیکاریدا تیشک دەخاتە سەر کشانەوەی ئەم دواییەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی (تەنەف) لە سووریا و دەڵێت، ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ ویستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی یەکجارەکی لە سووریا، بەڵام هۆشداری دەدات کە "مەرج نییە تەنیا لەبەرئەوەی ئێمە لە شەڕەکان ماندوو بووین، کۆتاییان پێبێت."
سووریا و لیبیا؛ جیاوازییەکان و مەترسییە هاوبەشەکان
بە بڕوای دەیڤس، سووریا هێشتا نەبووەتە لیبیا، چونکە سووریا خاوەنی دامەزراوەی کارایە و خەڵکەکەی بە دەسەڵاتی ناوەندی راهاتوون، لەکاتێکدا لە لیبیا، دوای قەزافی هەموو شتێک هەرەسی هێنا. بەڵام دەڵێت ئەم "ناوەندە کارگێڕییە" کە مەبەست لێی دامەزراوەکانی ئێستای حکومەتی سووریایە، تەنیا کات بۆ وڵاتەکە دەڕەخسێنێت و گەرەنتیی سەقامگیری ناکات.
توێژەرەکە هۆشداری دەدات، ئەگەر پێش کشانەوەی ئەمریکا، هێزە جیاوازەکان لە چوارچێوەی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوودا رێکنەخرێن، ئەوا سووریاش وەک لیبیای لێ دێت و "میلیشیاکان" دەبنە خاوەن دەسەڵاتی خۆجێیی و باج و سەرانە لە خەڵک دەستێنن.
داعش لاوازە بەڵام کۆتایی نەهاتووە
سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش، گۆشەنووسەکە ئاماژە بەوە دەکات کە تێکشکاندنی خەلافەتەکەی داعش لە ساڵی 2019 بە واتای کۆتاییهاتنی ئەو رێکخراوە نایەت، بەڵکو داعش ئێستا بە شێوەی شانەی نووستوو و گەڕۆک کاردەکات و سوود لەو کەلێنە ئەمنییانە دەبینێت کە لە ئەنجامی ململانێی هێزەکانەوە دروستبوون.
دەیڤس دەڵێت: "لیبیا وانەیەکی گرنگی پێداین؛ گرووپە تووندڕۆکان پێویستییان بەوە نییە لە هەموو شوێنێک بن، تەنیا شوێنێکیان دەوێت بۆ ئەوەی ببنە مەترسی؛" ئاماژە بەوەش دەکات کە داعش لە سووریا پێویستی بە کۆنترۆڵکردنەوەی رەققە نییە، بەڵکو تەنیا پێویستی بە کات و کەلێنە ئەمنییەکانە بۆ ئەوەی سەرهەڵبداتەوە.
ئەمریکا و سیاسەتی "ئەمریکا پێش هەموو شتێک"
یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان کە لە گوتارەکەدا باسکراوە، پرسی ماندووبوونی رای گشتیی ئەمریکایە لە "شەڕە بێ کۆتاییەکان".
بەپێی راپرسییەکی دامەزراوەی "ئیپسۆس" کە لە کانوونی یەکەمی 2024 کراوە، تەنیا 41%ی ئەمریکییەکان لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەیانن لە سووریا، لەکاتێکدا 50%یان پێیان وایە کێشەی سووریا "پەیوەندی بە ئەمریکاوە نییە."
دەیڤس دەڵێت، کشانەوەیەک کە لەسەر بنەمای "ماندووبوونی سیاسی" بێت نەک دۆخی مەیدانی، سووریا بەرەو هەڵدێر دەبات، رێک وەک ئەوەی لە لیبیا روویدا کاتێک دەستوەردانی نێودەوڵەتی کۆتاییهات پێش ئەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکان جێگیر ببن.
رۆڵی وڵاتانی ناوچەکە و ئەورووپا
توێژەرەکە رەخنە لە وڵاتانی ناوچەکە دەگرێت و دەڵێت، ئەوان لە لیبیا لەبری ئەوەی یارمەتیی دروستبوونی دەوڵەتێکی یەکگرتوو بدەن، پشتگیریی لایەنە ناکۆکەکانیان کرد و وڵاتەکەیان کردە گۆڕەپانی ململانێی خۆیان. هەمان مەترسی بۆ سووریاش هەیە ئەگەر وڵاتانی کەنداو، تورکیا و ئیسرائیل تەنیا بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بگەڕێن.
سەبارەت بە ئەورووپاش، دەیڤس پێی وایە کە ئەورووپییەکان ئێستا هەموو سەرنجیان لەسەر ئۆکراینایە و توانای ئەوەیان نییە رۆڵێکی کاریگەر لە سووریادا بگێڕن، ئەمەش وادەکات بۆشاییەکی گەورە دروست بێت.
ئەنجام: کشانەوە پێویستی بە کاتە
کەرت دەیڤس لە کۆتایی گوتارەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە رێگریکردن لە "لیبیابوونی" سووریا پێویستی بەوە نییە ئەمریکا تاهەتایە لەوێ بمێنێتەوە، بەڵکو پێویستی بەوەیە کشانەوەکە بە "زنجیرەبەندییەکی دروست" بێت، واتە پێش کشانەوە، دەبێت هێزە ئەمنییەکان یەکبخرێن، بەرپرسیارێتیی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بدرێتە دەست دامەزراوە رەواکان و وڵاتانی ناوچەکەش لەسەر پاراستنی سەقامگیری رێکبکەون.
دەیڤس دەڵێت: "پەندی لیبیا ئەوە نییە کە رۆژئاوا زۆر مایەوە، بەڵکو ئەوەیە کە پێش ئەوەی بەرپرسیارێتییەکە بە تەواوی بگوازرێتەوە، وڵاتەکەیان جێهێشت."