ترەمپ: گۆڕینی رژێمی ئێران ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانمان نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت کە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران پێویستی بە 10 ساڵ دەبێت بۆ ئەوەی خۆی بنیات بنێتەوە، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە رووخاندنی دەسەڵاتی تاران لە سەرەتاوە ئامانجی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکەیان نەبووە.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (MS NOW) کە رۆژی هەینی بە کاتی ئەمریکا پەخشکرا، ترەمپ گوتی: "پێموایە ئەگەر هەر ئێستا بکشێینەوە، ئەوان پێویستیان بە 10 ساڵ دەبێت بۆ خۆبنیاتنانەوە. بەڵام پێموانییە ئەوە دۆخێکی قبووڵکراو بێت. ئەگەر زیاتر بمێنینەوە، هەرگیز ناتوانن خۆیان بنیات بنێنەوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە گۆڕینی رژێم ئامانجی سەرەکیی هێرشەکان نییە، هەرچەندە ئەمریکا "لەوانەیە" کاریگەری هەبێت لەسەر ئەوەی کێ کۆنترۆڵی حکومەتی ئێران دەکات، بەڵام ئەوە لە کاری لەپێشینەی ئەو نییە. ترەمپ گوتی: "خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە نابێت ئەوان چەکی ئەتۆمییان هەبێت."
ترەمپ رایگەیاند کە ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنی (چەکوشی نیوەشەو) لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا توانای ئێرانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی "بە تەواوی وێران کردووە"، بەڵام یۆرانیۆمی پیتێنراو هێشتا ماوە، کە شارەزایان پێیان وایە زۆربەی لەژێر شاخێکدا لە ئەسفەهان هەڵگیراوە.
شارەزایان دەڵێن دەرهێنان و کۆنترۆڵکردنی ئەو یۆرانیۆمە ئۆپەراسیۆنێکی درێژخایەن و مەترسیداری دەوێت و رەنگە پێویستی بە هێزی وشکانی بێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، ئێران چیدیکە توانای پیتاندنی یۆرانیۆم یان بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیی نەماوە.
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا ئەمریکا هەمان ئامانجی ئیسرائیلی هەیە، ترەمپ گوتی ئامانجەکان "تا رادەیەکی زۆر هاوشێوەن"، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئیسرائیل "دراوسێی نزیکی" ئێرانە و ئەمریکا وا نییە.
سەبارەت بە توانای کارەبای ئێران، ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو کە ئەمریکا دەتوانێت لە ماوەی یەک کاژێردا سیستەمی کارەبای ئێران لەکار بخات و 25 ساڵی پێویست دەبێت بۆ چاککردنەوەی، بەڵام لەم هەڤپەیڤینەدا گوتی: "لە باشترین دۆخدا، ئێمە ئەوە ناکەین."
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا، ترەمپ رەخنەی تووندی لە هاوپەیمانانی ناتۆ گرت کە خۆیان لە جەنگەکە بەدوور گرتووە. ترەمپ گوتی: "تاوەکو من نەهاتم، ئێمە 100%ی تێچووی ناتۆمان دەدا. هەمیشە گوتوومە ئەمە شەقامێکی یەک ئاراستەیە. ئەگەر ئەوان پێویستیان بە شتێک بێت ئێمە بۆ یارمەتیدانیان ئامادەین، بەڵام ئەگەر ئێمە پێویستمان پێیان بێت، ئەوان ئامادە نین. دەرکەوت کە من راست دەکەم، ئەمە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بوو."
سەبارەت بە بەریتانیاش کە دوای دەستپێکردنی جەنگەکە پێشنیازی هاوکاریی کردبوو، ترەمپ گوتی پێی گوتوون: "نەخێر، ئێوەم پێش جەنگەکە پێویست بوو، نەک دوای ئەوەی جەنگەکەمان بردەوە."