راپۆرتێک: ئێران بە دوو مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر بنکەی دیێگۆ گارسیا
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، ئێران دوو مووشەکی بالیستیی مەودا مامناوەندی ئاڕاستەی بنکەی سەربازیی دیێگۆ گارسیای ئەمریکا و بەریتانیا لە زەریای هیندی کردووە. ئەمەش دەریدەخات کە مەودای مووشەکەکانی تاران دەگاتە چوار هەزار کیلۆمەتر، کە زۆر زیاترە لەو مەودایەی پێشتر رایگەیاندبوو.
بەرپرسانی ئەمریکا بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، هیچ کام لە مووشەکەکان بەر بنکەکە نەکەوتوون.
یەکێکیان لە نیوەی رێگەدا تێکشکاوە و کەوتووەتە خوارەوە، بۆ مووشەکی دووەمیش کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا مووشەکێکی بەرپەرچدەرەوەی جۆری (SM-3)ی ئاڕاستە کردووە. تاوەکو ئێستا روون نییە ئایا مووشەکە بەرگریکارەکە بە سەرکەوتوویی مووشەکەکەی ئێرانی لەنێوبردووە یان نا.
ئەم هەوڵەی ئێران نیشانی دەدات کە بەرنامە مووشەکییەکەی تاران توانای گەیشتن بە مەودایەکی زۆر دوورتری هەیە لەوەی بە ئاشکرا دانی پێدا دەنێت، چونکە بنکەی دیێگۆ گارسیا نزیکەی چوار هەزار کیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە و ئەمەش وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ نیشاندانی هێزی ئێران لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
مانگی رابردوو، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی بە مەبەست مەودای مووشەکەکانی بۆ دوو هەزار کیلۆمەتر سنووردار کردووە. بەڵام هەڵسەنگاندنە سەربەخۆکان ئاماژەیان بە توانای زیاتر کردووە. رێکخراوی Iran Watchکە چاودێریی چەکی ئەتۆمی دەکات، دەڵێت ئێران مووشەکی هەیە کە مەوداکەی دەگاتە چوار هەزار کیلۆمەتر، هەروەها سەنتەری ئەلمای ئیسرائیلیش پێشبینی کردووە مەوداکەیان نزیکەی سێ هەزار کیلۆمەتر بێت و هێشتاش لە پەرەپێداندان.
بنکەی سەربازیی دیێگۆ گارسیا، کە دەکەوێتە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەریتانیا لە زەریای هیندی، پێگەیەکی ستراتیجیی زۆر گرنگە بۆ هێزەکانی ئەمریکا. بنکەکە میوانداریی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکان، ژێردەریاییە ئەتۆمییەکان و کەشتییە تێکشکێنەرەکان دەکات..