ترەمپ دەڵێت، ئەمریکا ئێرانی "لەسەر نەخشە سڕیوەتەوە" و ئامادە نییە رێککەوتنی لەگەڵ بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت کە ئەمریکا "ئێرانی لەسەر نەخشە سڕیوەتەوە" و جەخت دەکاتەوە، زۆر پێش وادەی دیاریکراو ئامانجەکانی لە جەنگەکەدا پێکاوە. هەروەها رەتیدەکاتەوە هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ تاران بکات.
 
رۆژی یەکشەممە 22ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ بڵاویکردووەتەوە، رەخنەی تووندی لە دەیڤد سانگەر، شرۆڤەکاری رۆژنامەی نیویۆرک تایمز گرت، کە گوتبووی ترەمپ ئامانجەکانی خۆی لە جەنگی دژی ئێران نەپێکاوە.
 
ترەمپ لە وەڵامدا نووسیویەتی، "ئەمریکا ئێرانی لەسەر نەخشە سڕیوەتەوە، کەچی شرۆڤەکارە سووکەکەیان، دەیڤد سانگەر، دەڵێت گوایە من ئامانجەکانی خۆمم نەپێکاوە. بەڵێ پێکاومە، چەندین هەفتە پێش وادەی دیاریکراو پێکاومن!"
 
سەرۆکی ئەمریکا باس لە دۆخی ئێستای ئێران دەکات و دەڵێت، "سەرکردایەتییەکەیان نەماوە، هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانییان لەنێوچوون، بە رەهایی هیچ بەرگرییەکیان نەماوە، هەروەها ئەوان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن. بەڵام من نامەوێت!"
 
ترەمپ دووبارە رەخنە لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەگرێت و دەڵێت: "رێک وەک رووماڵە بێتواناکەیان بۆ هەڵبژاردنەکەی من، نیویۆرک تایمزی شکستخواردوو هەمیشە هەڵە دەکات!"