ئەرمینییەکان بۆ رووسیا: ئێمەتان فرۆشت و خیانەتتان لێکردین
رووداو دیجیتاڵ
ئەم رۆژانە رەنگ و رووی ئەرمینییەکان و ئاوارەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ باش نییە. بەشێک لە ئەرمینییەکان رووسیا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە خیانەتی لێیان کردووە و فرۆشتوونی.
ڤالێری هاروتیونیان، ئاوارەی ناگۆرنۆ قەرەباخ دەڵێت، "جارێكی دیکە رووسیا خیانەتی لە گەلی ئەرمینیا کرد و ئێمەی فرۆشت. هەرگیز پشت بە رووسیا نابەستینەوە، دەبێت رووسەکان نەک تەنیا لە قەرەباخ، بەڵکو لە ئەرمینیاش دەربکەین."
لەدوای شەش هەفتە لە جەنگی نێوان ئازەربایجان و چەکدارە ئەرمینییەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ لە کۆتایی ساڵی 2020، بە نێوەندگیریی رووسیا جەنگەکە کۆتاییهات و بڕیاربوو تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 هێزە ئاشتیپارێزەکانی رووسیا لە ناگۆرنۆ قەرەباخ بمێننەوە.
بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2023 سوپای ئازەربایجان کۆنترۆڵی قەرەباخی کردەوە و ئەرمەنییەکانی دانیشتووی قەرەباخ، کە سەرووی 120 هەزار کەسن، قەرەباخیان جێهێشت و بەرەو ئەرمینیا کۆچیان کرد. بەدوای ئەوەدا هێزە ئاشتیپارێزەکانی رووسیاش لە مۆسکۆ بڕیاری کشانەوەیان بۆ دەرکرا.
ئارا سەرگیسیان، هاووڵاتی ئەرمینیا دەڵێت، "رووسەکان چییان بۆ کردووین؟ هیچ. دەبووایە هێزەکانی رووسیا پێنج ساڵ لە ناگۆرنۆ - قەرەباخ بمێننەوە، بەڵام هەر زوو چۆڵیان کرد و پشتیان لە خەڵکەکە کرد."
لە کاردانەوەی هەڵوێستی رووسیا لە چوار ساڵی رابردوو؛ حکومەتی ئەرمینیا بەشداریکردنی لە رێکخراوی ئاسایشی بە کۆمەڵی ناوچەی قەوقاز هەڵپەسارد، کە رووسیا سەرۆکایەتیی دەکات.
هەروەها یەریڤان دژ بە خواستی مۆسکۆ، بووە ئەندامی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان، کە بڕیاری دەستگیرکردنی پووتینی دەرکردووە و بەو جۆرەش ئەرمینیا ناچارە ئەگەر ، سەرۆکی رووسیا کە چەندین ساڵ هاوپەیمانی بووە؛ سەردانی یەریڤان بکات دەستگیری بکات.