ئاگربەست چەند کاژێرێکی ماوە؛ هیچ شاندێک نەچووەتە پاکستان
رووداو دیجیتاڵ
ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران لە دوایین ساتەکانیدایە و گەڕی دووەمی گفتوگۆی هەردوولاش هێشتا ناڕوونە، هەردوو وڵات هۆشدارییان داوە ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا چاوەڕوان دەکرا سەرۆکایەتیی تیمی دانوستاندنکاری ئەمریکا بکات ئەگەر گفتوگۆکان لە پاکستان بەردەوام بن، رۆژی سێشەممە21-4-2026 مایەوە؛ ئەوەش بەپێی گوتەی بەرپرسێکی کۆشکی سپی. هاوکات پاکستان هانی هەردوولای دەدات بگەڕێنەوە ئیسلام ئاباد بۆ گفتوگۆ و دەڵێت هێشتا چاوەڕێی ئێرانین بەشداری دەکات یان نا؟.
ئەمڕۆ بەیانییەکەی، دوو بەرپرس رایانگەیاندبوو واشنتن و تاران ئاماژەیان بۆ بەشداری لە گەڕی دووەمی گفتوگۆکان داوە، بەجۆرێک ڤانس سەرۆکایەتیی تیمی ئەمریکا بکات و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دانوستاندنکاری باڵای وڵاتەکەی بێت، بەڵام لە کۆتایی رۆژدا قسەکانی ترەمپ و ئیسماعیل بەقایی ئەو زانیارییانەی هێنایەوە خاڵی سەرەتا.
عەتائوڵڵا تارەر، وەزیری راگەیاندنی پاکستان لە هەژماری خۆی لە ئێکس رایگەیاند، ئێران بە فەرمی بەشداریکردنی خۆی پشتڕاست نەکردووەتەوە لە دانوستاندنەکاندا .
بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، ڤانس کۆبوونەوەی سیاسی لە کۆشکی سپی هەیە، نووسینگەی جێگری سەرۆک و کۆشکی سپی وەڵامی ئەوەیان نەداوەتەوە ڤانس دەچێتە پاکستان یان نا.
ترەمپ دەڵێت ئاگربەست درێژ ناکاتەوە
ئێران و ئەمریکا لەسەر هەڵوێستە تووندە زارەکییەکانیان بەردەوامن، ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دا ئەگەر پێش کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست رێککەوتن نەکرێت، "بۆمباران" دەستپێدەکاتەوە، دانوستاندنکارێکی باڵای ئێرانیش رایگەیاندووە تاران "کارتی نوێی لە مەیدانی جەنگدا" هەیە هێشتا ئاشکرای نەکردوون.
ئاگربەست لە 8ـی نیسان دەستیپێکرد، دەکرێت درێژ بکرێتەوە ئەگەر دانوستاندنەکان دەستپێبکەنەوە، هەرچەندە ترەمپ رۆژی سێشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی CNBC گوتی: "من نامەوێت ئەوە( درێژکردنەوەی ئاگربەست) بکەم."
ترەمپ گوتیشی "کاتێکی ئەوتۆمان لەبەردەستدا نییە" و ئاماژەی بەوە کرد تەنیا بژاردەی بەردەم ئێران دانوستاندنە
بەرپرسانی کۆشکی سپی پێشتر رایانگەیاندبوو ڤانس سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکا دەکات، بەڵام ئێران راینەگەیاندووە کێ دەنێرێت و دیاریش نییە شاند دەچێ یان نا، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران رۆژی سێشەممە 21-4-2026 رایگەیاند "تائێستا هیچ شاندێکی ئێرانی سەردانی ئیسلام ئابادی نەکردووە."
ئەمریکا دەڵێت هێزەکانی چوونەتە سەر کەشتییەکی نەوتی سزادراو
رۆژی سێشەممە، ئەمریکا رایگەیاند هێزەکانی چوونەتە سەر تانکەرێکی نەوت پێشتر بەهۆی قاچاخچییەتی نەوتی خاوی ئێران لە ئاسیا سزای بەسەردا سەپێنرابوو، کەشتییەکە ناوی تیفانییە، ئاماژە بەوە نەکراوە لە کوێ چوونەتە سەر کەشتییەکە، هەرچەندە داتاکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان رۆژی سێشەممە 21-4-2026 کەشتی تیفانییان لە زەریای هیندی لەنێوان سریلانکا و ئیندۆنیزیا پێشانداوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا دەڵێت: "ئاوە نێودەوڵەتییەکان پەناگە نین بۆ کەشتییە سزادراوەکان."
تەنگەی هورمز خاڵێکی سەرەکیی دانوستاندنەکانە
ئەمریکا گەمارۆکەی بۆ ئەوە بەسەر ئێران سەپاندووە گوشار بخاتە سەر ئێران تاوەکو کۆتایی بە داخستنی تەنگەی هورمز بهێنێت، تەنگەکە رێڕەوێکی سەرەکیی کەشتیوانییە و لە کاتی ئاساییدا 20%ـی گازی سرووشتی و نەوتی خاوی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
گرتنی تەنگەکە لەلایەن ئێرانەوە نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە، رۆژی سێشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت بە نزیکەی 95 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوە کرا، ئەوەش بە رێژەی 30% بەرزترە بەراورد بە پێش جەنگ.
پێش دەستپێکردنی جەنگ، تەنگەی هورمز بە تەواوی بەڕووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا کراوە بوو، ترەمپ داوای کردووە جارێکی دیکە رێگە بە کەشتییەکان بدرێت بەبێ رێگری بە تەنگەکەدا تێپەڕبن.
وەزیرانی گواستنەوەی یەکێتیی ئەورووپا رۆژی سێشەممە 21-4-2026 لە برۆکسل کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتیی پاراستنی بەکاربەران، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداریی دا ئەورووپا "رەنگە تەنیا بۆ شەش هەفتەی دیکە" سووتەمەنیی فڕۆکەی مابێت.
پێش چەند رۆژێک ئێران رایگەیاندبوو پێشنیازی نوێی لە واشنتنەوە پێگەیشتووە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد هێشتا جیاوازییەکی زۆر لەنێوان هەردوولادا هەیە، ئەو بابەتانەی گەڕی پێشووی دانوستاندنەکانیان پەکخست، بریتین لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، گرووپەکانی نزیکی ئێران لە ناوچەکە و پرسی تەنگەی هورمز.
قالیباف رۆژی سێشەممە 21-4-2026 ئەمریکای تۆمەتبار کرد دەیەوێت ئێران خۆی بەدەستەوە بدات، ئەو لە هەژماری خۆی لە X نووسیویەتی: "ئێمە دانوستاندن لەژێر سێبەری هەڕەشەدا قبووڵ ناکەین."
پاکستان هیواخوازە دانوستاندنەکان بەردەوامبن
بەرپرسانی پاکستان متمانەی خۆیان دەربڕیوە ئێران شاندێک دەنێرێت بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، ئەو گفتوگۆیانە بە بەرزترین ئاستی دانوستاندن لەنێوان ئەمریکا و ئێران دادەنرێت لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە 1979ـەوە، گەڕی یەکەم لە 11 و 12ـی نیسان بەبێ رێککەوتن کۆتایی هات.
پاکستان رایگەیاند، ئیسحاقدار، وەزیری دەرەوە رۆژی سێشەممە 21-4-2026 لەگەڵ کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد کۆبووەوە بۆ ئەوەی هانیان بدات وادەی ئاگربەستەکە درێژ بکەنەوە، دار هەروەها لەگەڵ باڵیۆزی چین کۆبووەوە کە هاوبەشێکی سەرەکیی بازرگانیی ئێرانە.
رێکارە ئەمنییەکان لە پایتەختی پاکستان تووندتر کراون، بەجۆرێک بەرپرسان هەزاران کارمەندی ئەمنییان بڵاوکردووەتەوە و بازگەیان لەو رێگایانەی بەرەو فڕۆکەخانە دەچن زیاد کردوون.
ئیسرائیل سەربازانی خۆی بەهۆی تێکدانی پەیکەرێکی حەزرەتی عیسا زیندانی دەکات
سوپای ئیسرائیل رۆژی سێشەممە 21-4-2026 رایگەیاند، سزای 30 رۆژ زیندانی بۆ دوو سەرباز بڕیوەتەوە ،لە ئەرکیش دوور خراونەتەوە، ئەوەش بەهۆی شکاندنی پەیکەرێکی پێغەمبەر عیسا لە لوبنان، کۆتایی هەفتە وێنەی سەربازێکی ئیسرائیلی بڵاوبووەوە بە چەکوشێکی گەورە سەری پەیکەرەکە دەشکێنێت، ئەوەش سەرکۆنەیەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە.
ئیسرائیل دەڵێت، یەکێک لەو سەربازانەی سزادراون بە چەکوش پەیکەرەکەی کێشاوە بە زەویدا و ئەوەی دیکەیان وێنەی تێکدانەکەی گرتووە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل، لوبنان و ئەمریکا رایانگەیاند، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 23-4-2026 دانوستاندنەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن دەستپێبکەنەوە.
باڵیۆزانی ئیسرائیل و لوبنان هەفتەی رابردوو بۆ یەکەم گفتوگۆی دیپلۆماسیی راستەوخۆ لە دوای چەندین دەیەوە کۆبوونەوە. ئیسرائیل دەڵێت ئامانجی گفتوگۆکان چەککردنی حیزبوڵڵا و گەیشتنە بە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ لوبنان.
بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئێران، لەماوەی جەنگدا لانیکەم 3375 کەس لە ئێران کوژراون، سەرەڕای ئەوەش، 23 کەس لە ئیسرائیل و زیاتر لە 12 کەس لە وڵاتانی کەنداو گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 15 سەربازی ئیسرائیلی لە لوبنان و 13 سەربازی ئەمریکیش لە ناوچەکەدا کوژراون، لە هەرێمی کوردستانیش 21 کەس لەماوەی جەنگدا بە مووشەک و درۆنە ئاراستەکراوەکان شەهیدبوون، هەرێمی کوردستان لەدوای ئێران و ئیسرائیل زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانی تێدا تۆمارکراوە .