پاکستان داوا لە ئەمریکا و ئێران دەکات ماوەی ئاگربەست درێژبکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات، ماوەی ئاگربەستە کاتییەکەیان درێژ بکەنەوە تاوەکو دەرفەت بۆ چارەسەری دیپلۆماسی بڕەخسێت.
 
رۆژی سێشەممە 21-04-2026 وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بڵاویکردەوە، هەڵوێستی ئیسلامئاباد جێگیرە لە سەر ئەوەی "دیالۆگ و دیپلۆماسی" تاکە رێگەی گونجاون بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەکەدا.
 
ئەم داواکارییە لە کاتێکدا دێت، پاکستان خۆی بۆ میوانداریکردنی گەڕی دووەمی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران ئامادە دەکات، بەڵام دیار نییە شاندەکان دەچن یان نا.
 
ئەم هەوڵە نوێیەی پاکستان لە کاتێکدایە، تەنیا چەند رۆژێک بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەستە 14 رۆژییەکەی نێوان هەردوو وڵاتەکە ماوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئاگربەستەکە رۆژی چوارشەممە کۆتایی پێ دێت.
 
هەرچەندە حکومەتی ئێران تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی و گشتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی رۆژی چوارشەممە رانەگەیاندووە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانیان راگەیاندووە، "تاران ئاماژەی بۆ نێوەندگیرە هەرێمییەکان ناردووە کە شاندی دانوستاندنکار رەوانەی ئیسلامئاباد دەکات."
 
ئێستا جیهان بە وریاییەوە چاوەڕێی ئەنجامی ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەی پاکستان دەکات، تاوەکو بزانرێ ئایا ترەمپ رازی دەبێت مۆڵەتەکە درێژ بکاتەوە یان ناوچەکە دەگەڕێتەوە ناو بازنەی بۆردوومان و پێکدادانە سەربازییەکان.