جەنگی کەشتییەکان لە "بۆشاییەکی ئاڵۆزی یاسایی"دا؛ ئایا تاران و واشنتن ئاگربەستیان شکاندووە؟

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رۆژی سێشەممە 21-4-2026 رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا چوونەتە سەر تانکەرێکی نەوت پێشتر بەهۆی قاچاخچییەتی نەوتی خاوی ئێران لە ئاسیا سزای بەسەردا سەپێنرابوو؛ ئەمەش لەکاتێکدایە واشنتن هۆشداری بۆ شوێنپێهەڵگرتنی ئەو کەشتییانە جێبەجێ دەکات پەیوەندییان بە تارانەوە هەیە.
 
وەزارەتەکە رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا "پشکنینێکی دەریایییان بۆ رێگریکردن" کردووە و بەبێ هیچ رووداوێک" چوونەتە سەر کەشتی تیفانی.
 
بەرپرسێکی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رایگەیاندووە کەشتیی تیفانی لە کەنداوی بەنگال لەنێوان هیندستان و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەستی بەسەردا گیراوە و نەوتی ئێرانی هەڵگرتووە، ئەو بەرپرسە دەڵێت:"سوپای ئەمریکا لە چوار رۆژی داهاتوودا بڕیار دەدات چی لە کەشتییەکە بکات، بەرەو ئەمریکا رایکێشێت یان رادەستی وڵاتێکی دیکەی بکات."
 
ئەمە نوێترین هەنگاوە لە جەنگی ئەمریکا دژی ئێران بۆ راگرتنی هەر کەشتییەک پەیوەندیی بە تارانەوە هەبێت، یان گومانی ئەوەی لێ بکرێت کەلوپەل دەگوازێتەوە یارمەتی حکومەتی ئێران بدات؛ لە چەک و نەوتەوە تاوەکو  کەرەستەی ئەلیکترۆنی، ئەم راگەیێندراوە پێش کۆتاییهاتنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دێت، لەکاتێکدا پاکستان هەوڵ دەدات هەردوولا رازی بکات بۆ گەڕی دووەمی گفتوگۆکان.
 
ئەمە دووەم کەشتیی پەیوەندیدارە بە ئێرانە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە رێگری لێ دەکرێت،رۆژی یەکشەممەهێزە دەریاییەکانی ئەمریکا هێرشیانکردە سەر کەشتییەکی بارهەڵگر ئاڵای ئێرانی هەڵکردبوو، دەستیان بەسەردا گرت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند تێکشکێنەرێکی ئەمریکی بزوێنەری کەشتییەکەی کون کردووە .
 
بە ئامانجگرتنی کەشتییەکانی سەر بە ئێران لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا
 
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کەشتیی تیفانی وەکو کەشتییەکی "بێ وڵات" وەسف کردووە، سەرەڕای ئەوەی کەشتییەکە ئاڵای بۆتسوانای پێوە بووە.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا هاتووە: "وەکو پێشتر روونمان کردووەتەوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ چەسپاندنی یاسا دەریاییەکان بە مەبەستی تێکدانی تۆڕە نایاساییەکان و رێگریکردن لەو کەشتییە سزادراوانەی هاوکاریی پێشکێشی ئێران دەکەن ،لە هەر شوێنێک بن. ئاوە نێودەوڵەتییەکان پەناگە نین بۆ کەشتییە سزادراوەکان." 
 
جەنەڕاڵ دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا، هەفتەی رابردوو رایگەیاند رێکارەکان تەنیا ئاوەکانی ئێران و ئەو ناوچانە ناگرێتەوە لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکان کەین بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند:" هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی دیکەی بەرپرسیارێتیاندا "بە شێوەیەکی چالاکانە شوێن هەر کەشتییەک دەکەون ئاڵای ئێرانی پێوە بێت، یان هەر کەشتییەک کە هەوڵی دابینکردنی هاوکاریی بۆ ئێران بدات." ئەو بە دیاریکراوی ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنەکان لە زەریای هێمن کرد و گوتی ئەمریکا ئەو کەشتییانە دەکاتە ئامانج پێش دەستپێکردنی گەمارۆکە، تەنگەی هورمزیان جێهێشتووە.
 
سوپای ئەمریکا هەروەها لیستێکی فراوانی ئەو کاڵایانەی بڵاوکردەوە بە قاچاخیان دادەنێت و رایگەیاند، دەچنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، پشکنینیان بۆ دەکەن و دەستیان بەسەردا دەگرن "بێ گوێدانە شوێنەکەیان." لە ئاگادارییەکدا رۆژی پێنجشەممە سوپای ئەمریکا رایگەیاند:"هەر کاڵایەک بۆ دوژمن بڕوات و ئەگەری بەکارهێنانی لە ململانێی چەکداریدا هەبێت، لە هەر شوێنێک بێت لە دەرەوەی ناوچە بێلایەنەکان، دەستی بەسەردا دەگیرێت."
 
پسپۆڕێک: گەمارۆدان لە کاتی جەنگدا دەکرێت یاسایی بێت
 
رێکارەکانی سوپای ئەمریکا دژی کەشتییەکانی سەر بە ئێران، بەتایبەتی هێرشەکەی کۆتایی هەفتە بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگری  "تۆسکا"، پرسیاری لەبارەی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە دروست کردووە.
 
جەیسۆن چوا، پرۆفیسۆری یاسا لە زانکۆی سیتی لە لەندەن و پەیمانگەی دەریایی مالیزیا، دەڵێت ئەمریکا و ئێران لە "بۆشاییەکی ئاڵۆزدان، یاسا وەڵامێکی روونی بەڵێ یان نەخێرت پێنادات" لەسەر ئەوەی ئایا ئاگربەستەکە پێشێل کراوە یان نا.
 
چوا دەڵێت: "وا دیارە ئەمریکا ئەو ئاراستەیە دەگرێتەبەر ململانێکە قەت بە تەواوی نەوەستاوە ، واتە هێشتا دۆخی ململانێی چەکداری بەردەوامە، بە گوتنی ئەمەش، دەتوانێت بەردەوام بێت لە کارەکانی وەک گەمارۆ و تەنانەت بەکارهێنانی هێزی سنووردار لە دەریادا."
 
بەڵام چوا دەڵێت ئێران مامەڵە لەگەڵ ئاگربەستەکەدا دەکات وەکو وەستاندنی هەموو جموجۆڵەکانی ئەمریکا، فەرماندەیی هاوبەشی سەربازیی ئێران، چوونە سەر کەشتی ''تۆسکا'' بە چەک بە کارێکی "دزینی دەریایی" و پێشێلکردنی ئاگربەست ناوبردووە.
 
پێشتر ئەمریکا گەمارۆی خستبووە سەر تانکەرە نەوتییەکانی سەر بە ڤەنزوێلا، بەڵام قەت تەقەی لەو کەشتییانە نەکردبوو.
 
چوا دەڵێت، گەمارۆدان و تەنانەت هێرشی سنووردار بۆ سەر کەشتییەکان دەکرێت لە کاتی جەنگدا یاسایی بێت، کەشتییە بازرگانییەکان دەبنە ئامانجی رەوا ئەگەر بەشداری لە کارە سەربازییەکاندا بکەن، کەلوپەلی قاچاخ هەڵبگرن، یان ببنە بەشێک لە لۆجستیی لایەنی بەرامبەر.
 
ئەو پسپۆرە دەڵێت:" سەلماندنی ئەوە قورسترە ئایا کەشتییەکی وەکو "تۆسکا" بە بەشداری لە کارە سەربازییەکان دژی ئەمریکا بکات.
 
چوا گوتی: "تەواوی ناکۆکییەکە لە دەوری پرسیارێکی سادە دەسووڕێتەوە: ئایا ئاگربەستەکە بە راستی مافی بەکارهێنانی هێزی هەڵپەساردووە؟ ئەگەر وابێت، ئەوا تەقەکردن لە کەشتییەکان یان دەستبەسەرداگرتنیان زۆر زەحمەتە لەگەڵ جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بگونجێنرێت."
 
مارک کانسیان، جەنەڕاڵی خانەنشینی هێزی دەریایی و راوێژکاری باڵای بەرگری لە ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان، دەڵێت پێشێلکارییەکە دەکەوێتە سەر لێکدانەوەکان، چونکە هیچ مەرجێکی دیاریکراو نەبووە.
 
کانسیان دەڵێت: "ترەمپ رایگەیاند. ئێرانییەکان رەزامەندییان دا، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی فەرمی نییە، بۆیە، ئەوەی ئایا ئاگربەستەکە شکێنراوە یان نا، بەندە بە تێڕوانینی تۆوە... هیچ شتێک بە نووسراو نەبووە."
 
مایکل ئۆهانلون، شرۆڤەکاری بەرگری و سیاسەتی دەرەوە لە پەیمانگەی برووکینگز، دەڵێت ئەمریکا ئاگربەستەکەی پێشێل نەکردووە، چونکە ئاگربەستەکە تەنیا بۆردومانکردنی ئێران بووە، نەک گەمارۆدانەکە.''
 
ئۆهانلون دەڵێت: "ئێمە رێککەوتین فڕێدانی بۆمب بۆ سەر ئەوان رابگرین، ئەوەش ئەو شتە بنەڕەتییە بوو ئەوان دەیانویست" بە بڕوای ئەو :" ئەمریکا هێشتا دەبێت گەمارۆکە بسەپێنێت ئەگەر بتەوێت مانایەکی هەبێت."