وەزیرانی دەرەوەی ئیسپانیا و دانیمارک بۆ رووداو: دەبێت تەنگەی هورمز بێ باج بکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی ئیسپانیا و دانیمارک لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو باسیان لە هاوهەڵوێستیی وڵاتەکانیان لەگەڵ ئەمریکا کرد سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز.
ئیسپانیا: نەبوونی بۆمبی ئەتۆمی و کردنەوەی تەنگەی هورمز
خۆزێ مانوێل ئەلبارێس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا لە وەڵامی پرسیارێکی زنار شینۆ، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووماڵی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە لۆکسەمبۆرگ گوتی: "بۆ من بابەتەکە زۆر روونە؛ نابێت ئێران بۆمبی ئەتۆمیی هەبێت."
ئەلبارێس ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە تاران هێرشە "بێ پاساوەکانی" بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە رابگرێ.
وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا باسی لە تەنگەی هورمزیش کرد و گوتی: "دەبێت تەنگەی هورمز بە شێوەیەکی ئازاد و پارێزراو بکرێتەوە، بێ ئەوەی لە داهاتوودا هیچ جۆرە باجێک (سەرانە) بە سەر هیچ کەسێکدا بسەپێنرێت." هەروەها گوتی، ئیسپانیا بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە، دەنگی بە سزاکانی سەر ئێران داوە.
دانیمارک: ئابووریی جیهان بە تەنگەی هورمزەوە بەستراوەتەوە
هاوکات لارس لووکە راسمووسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک تیشکی خستە سەر گرنگیی ئابووریی رێڕۆ ئاوییەکان و بە زنار شینۆی راگەیاند: "مافی هاتووچۆی ئازاد لە رێگە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان زۆر گرنگە و هەموو ئابووریی جیهان پشتی پێ دەبەستێت."
راسمووسن ئاماژەی بەوە کرد، دانیمارک وەک وڵاتێکی خاوەن کەشتیوانیی بەهێز، داوای هێورکردنەوەی خێرای دۆخەکە و کردنەوەی تەنگەی هورمز دەکات.
وەزیری دەرەوەی دانیمارک هیوای خواست، گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان لە ئیسلامئاباد بکرێ و ئاگربەستە 14 رۆژییەکە درێژ بکرێتەوە تاوەکو رێگری لە زیادبوونی گرژییەکان بگیرێ.
ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی باڵای ئەورووپا لە کاتێکدا دێن، بڕیارە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران رۆژی چوارشەممە کۆتایی بێت و واشنتنیش سوورە لە سەر ئەوەی کە دەبێت ئێران هەموو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رادەست بکات و تەنگەی هورمز بێ مەرج بکاتەوە. تاوەکو ئێستاش دیار نییە دانوستاندنی گەڕی دووەم دەکرێ یان نا.
دەقی پرسیار وەڵامەکانی رووداو و وەزیرانی دەرەوەی ئیسپانیا و دانیمارک
رووداو: پرسیارێک لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لەم قۆناخەدا. ئایا ئێوە هەمان بۆچوونی ئەمریکاتان هەیە لە بارەی یۆرانیۆمی پیتێنراو و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران؟
خۆزێ مانوێل ئەلبارێس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا: بۆ من بابەتەکە زۆر روونە. نابێت ئێران بۆمبی ئەتۆمی هەبێت. پێویستە گفتوگۆ بکرێ لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران. هەڵوێستم لەبارەی ئێران زۆر روونە. پێویستە ئێران ئەم هێرشە بێپاساوانەی بۆسەر هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووەستێنێت. هورمز پێویستە بکرێتەوە، بە شێوەیەکی ئازاد و پارێزراو بێ ئەوەی لە داهاتوودا هیچ باجێک بەسەر هیچ کەسێکدا بسەپێندرێ. هەروەها ئێمە لە ئیسپانیا هەموو پێشێلکارییەکی دژی مافەکانی مرۆڤ سەرکۆنە دەکەین، هەربۆیەشە ئێمە دەنگمان بە سزاکانی سەر ئێران دا. هەروەها بۆ من زۆر روونە کە نابێت ئێران بۆمبی ئەتۆمی هەبێت.
رووداو: تەنگەی هورمز، بەرنامەی ئەتۆمی و یۆرانیۆمی پیتێنراو تەوەری سەرەکیی گفتوگۆی ئەمریکا و ئێرانن. ئایا پێویستە یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئەمریکا هاوڕابێت لەبارەی مانەوەی تەنگەی هورمز بە ئازادی و بێ باجی، هەروەها لە بارەی بردنەدەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران؟
لارس لووکە راسمووسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک: مافی هاتووچۆی ئازاد لە رێرەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان زۆر گرنگە. هەموو ئابووری جیهانیش پشتی پێ دەبەستێت. دانیمارک وڵاتێکی بچووکە بەڵام هاتووچۆیەکی گەورەی کەشتیوانی هەیە. بۆیە داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکەین و داوا دەکەین تەنگەی هورمز بکرێتەوە. زۆر ئومێد دەکەم ئەمڕۆ لە ئیسلامئاباد دانوستاندن بکرێت، لەوە دڵنیا نیم بەڵام هیوادارم دانوستاندن بکرێ و ئاگربەست درێژ بکرێتەوە. هەموو کەسێک هاوڕایە کە دەبێت مافی هاتووچۆی ئازاد بە تەنگەی هورمزدا پارێزراو بێت."