راپۆرتێک: واشنتن گوشارەکانی بۆ سەر بەغدا زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
واشنتن داوا لە بەغدا دەکات ئەو گرووپە چەکدارانە هەڵبووەشێنێتەوە کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و لە چەند هەفتەی رابردوودا هێرشیان کردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
رۆژی سێشەممە، 21ی نیسانی 2026، دوو سەرچاوەی ئەمنی عێراقی بە نیویۆرک تایمزیان راگەیاند، ئەمریکا وەک هەنگاوێک بۆ ناچارکردنی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییە، هاوکارییە داراییەکان و هاوئاهەنگییە ئەمنییەکانی لەگەڵ بەغدا راگرتووە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، پێویستە حکومەتی عێراق رێکاری دەستبەجێ بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو "میلیشیایانەی هاوپەیمانی ئێرانن".
تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەمریکا چی دیکە بەرگەی هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ناگرێ و چاوەڕوانە حکومەتی عێراق هەمو رێکارێک بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارە گرێدراوەکانی ئێران."
راگرتنی هاوکارییە سەربازییەکان و مەترسییەکان
بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، پێنتاگۆن هاوکارییە ئەمنییەکانی راگرتووە کە کارەکانی دژەتیرۆر و راهێنانی سوپای عێراق دەگرێتەوە. بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێ رایگەیاندووە: "وەستاندنی ئەم هاوکارییانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پشتیوانیی لۆجستیی هێزی ئاسمانی و بەرنامەکانی راهێنان دەبێت".
حوسێن عەللاوی، راوێژکاری ئەمنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە "نیویۆرک تایمز"ی راگەیاندووە، ئەم بڕیارەی ئەمریکا تاوەکو کاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەردەوام دەبێت.
هەرچەندە بودجەی هاوکارییە ئەمنییەکان لە 371 ملیۆن دۆلاری ساڵانەوە بۆ 49 ملیۆن دۆلار کەمکراوەتەوە، بەڵام عەللاوی پێیوایە ئەم بڕینە کاتییە و دەبێت هاوئاهەنگییەکان بەردەوام بن.
ترهمپ و هێڵە سورەکان بەرامبەر نووری مالیکی
لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا دۆناڵد ترهمپ هەڕەشەی کرد کە ئەگەر نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران بگەڕێتەوە، واشنتن هەمو پشتیوانییەکی بۆ عێراق دەبڕێ.
مالیکی کە لە ساڵی 2006 بووە سەرۆکوەزیران و دوو خول سەرۆکوەزیران بوو، ئێستا لە لایەن واشنتنەوە وەک کەسێکی نزیک لە ئێران دەبینرێ. پێشتر مالیکی لە وەڵامدا رایگەیاندبوو کە عێراقییەکان ئەم "دەستوەردانە زەقەی ئەمریکا" رەتدەکەنەوە.
پێشتر چوارچێوەی هاوئاهەنگی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێرکردبوو، بەڵام دوێنێ کۆبوونەوەی هێزە شیعەکان کرا و ناوی دوو کەس بۆ ئەو پۆستە دەهێنرێ کە ئەوانیش باسم بەدری و ئیحسان عەوادین.
سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی و دەسەڵاتی ئێران
بڕیاری راگرتنی هاوکارییەکانی ئەمریکا تەنیا چەند رۆژێک دوای سەردانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ بەغدا هات.
قائانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران تەنیا بڕیاری عێراقییەکانە" و جەختی کردەوە کە نابێت "تاوانبارانی دژی مرۆڤایەتی" (وەک ئاماژەیەک بۆ ئەمریکا) دەستوەردان لە کاروباری عێراق بکەن.
رفاندنی رۆژنامەڤانێک لە بەغدا
لە کاتی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، باڵیۆزخانە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بوونەوە.
رۆژی 31ی ئادار و لە 32ەمین رۆژی جەنگەکەدا، شەلی کیتڵسۆن، رۆژنامەنووسی ئەمریکی لە بەغدا لە لایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە رفێنرا و ئاڵۆزییەکانی زیاتر کرد.
هەرچەندە رۆژنامەڤانەکە دوای هەفتەیەک ئازاد کرا، بەڵام هێرشێکی درۆنی لە کاتی ئازادکردنیدا لە نزیک شاندی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، بەرپرسانی واشنتنی توڕە کرد و وەک "کەمینێک" ناویان برد.
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش هێرشی کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە. هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ناوەندە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ژمارەیەک شوێنی دیکەی سڤیل، لەوانە هۆتێل، پاڵاوگەکان و بەندەرەکان بوون لەو وڵاتانە.
عێراق لە نێوان داڕمان و گوشارەکاندا
لە راپۆرتەکەدا رەمزی ماردینی، سرۆڤەکار دەڵێت، ئەگەر حکومەتی عێراق بیەوێت بە زەبری هێز گرووپە چەکدارەکان دەربکات، مەترسیی داڕمانی دەوڵەت دروست دەبێت، چونکە ئەم گرووپانە تێکەڵی دامەزراوە سەربازی و سیاسی و ئابورییەکان بوون.
ماردینی دەڵێ، ئیدارەی ترهمپ تێنەگەیشتووە کە سنورەکانی دەوڵەت و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق تێکەڵ بوون و ناتوانرێ وەک یەکەیەکی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەت بکرێت.