ئەمریکا 'تۆڕێکی دابینکردنی کەرەستەی درۆن و مووشەکی ئێران' سزا دەدات

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی ئابووری"، سزای بەسەر 14 کەس، لایەن و فڕۆکەدا سەپاند بنکەیان لە وڵاتانی ئێران، تورکیا و ئیماراتە، ئەم هەنگاوە وەکو وەڵامێکە بۆ تێوەگلانی ئەو لایەنانە لە دابینکردن و گواستنەوەی چەک و پارچەی مووشەک بۆ رژێمی ئێران.
 
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە بیانی OFAC راگەیاند، ئەم سزایانە لە کاتێکدان واشنتن بەردەوامە لە لاوازکردنی کۆگEکانی مووشەکی بالیستیی ئێران، تاران بۆ کردنە ئامانجی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و ژێرخانی وزە لە ناوچەکە، پشت بە درۆنە خۆکوژەکانی زنجیرەی "شاهێد" دەبەستێت.
 
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی ئەم سزایانە دەڵێت: " ئێران دەبێت بەرپرسیار بێت لەبەرامبەر شێواندنی بازاڕەکانی وزەی جیهان و کردنە ئامانجی خەڵکی سڤیل بە مووشەک و درۆن، لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆک ترەمپ، وەزارەتی گەنجینە بەردەوام دەبێت لە شوێنپێهەڵگرتنی پارەکان و کردنە ئامانجی سەرکێشییەکانی تاران."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سزاکان کۆمپانیای "ماهان ئێر"ـیشی گرتووەتەوە ،بەپێی راگەیێنراوەکە، کۆمپانیاکە چەکی بۆ ئێران گواستووەتەوە، هەروەها کۆمپانیای "پیشگام ئەلیکترۆنیک سەفە - PESC" و حەمید رەزا جانقوربانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە سزادراون؛ ئەوەش بەهۆی دابینکردنی هەزاران پارچەی "سێرڤۆمۆتۆر" بۆ درۆنەکانی شاهێد-136ـی سوپای پاسداران.
 
 هەر لەو راگەیێنراوەدا هاتووە:" کەمال سەباح بەڵخکانلو، ئاڵوگۆڕکەرێکی دراوە لە تاران، وەک کارئاسانیکار بۆ کۆمپانیای ناوبراو کاری کردووە، لە رێگەی هەژماری بانکیی وڵاتی سێیەمەوە، پارەی بۆ دابینکردنی ریشاڵی کاربۆن و کەرەستەکانی دیکەی بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران گواستووەتەوە.
 
هەریەک لە محەممەد وەحیدی و دانیال خەلیلی بەهۆی کارئاسانی لە وەرگرتن و گەیاندنی کەرەستەکان، خراونەتە لیستی سزاکانەوە.''
 
ئەم رێکارانەی واشنتن لەسەر بنەمای "یاداشتی سەرۆکایەتی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ژمارە 2"ـە، ئامانجی کەمکردنەوەی توانای مووشەکی و بێبەشکردنی ئێرانە لە چەکی ئەتۆمی، هەروەها ئەمە پێنجەمین گەڕی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەیە وەک پاڵپشتییەک بۆ سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 27 ئەیلوولی 2025 بەسەر ئێراندا سەپێنراونەتەوە.