ترەمپ: ئێران بژاردەی دیکەی نییە و ناچارە رێکبکەوێ
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێی وایە واشنتن و تاران دەگەنە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی چەند هەفتەیەک بەردەوام بوو. ترەمپ دەڵێ، ئێران "هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە" جگە لەوەی رێکبکەوێ.
رۆژی سێشەممە، 21ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران، بە کەناڵی سی ئێن بی سی وڵاتەکەی راگەیاند، "پێموایە هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە. ئێمە هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی و سەرکردەکانی ئەوانمان لەنێوبردووە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، کوژرانی سەرکردەکانی ئێران لە لایەکەوە کارەکان "ئاڵۆز" دەکات، بەڵام پێیوایە ئەو سەرکردانەی ئێستا لە تارانن "زۆر ژیرترن."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران، دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ناوی هەرچی دەنێیت بینێ، ئەمە گۆڕینی رژێمە. هەرچەندە من نەمگوتبوو ئەوە دەکەم، بەڵام بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەوەم ئەنجامدا."
ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئاگربەستەکە درێژ دەکاتەوە تاوەکو دەرفەت بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی و گەیشتن بە رێککەوتن بڕەخسێت، گوتی، "نامەوێ کارێکی وەها بکەم."
لەبارەی ناردنی شاند و دەستپێکردنی گفتوگۆکان لە پاکستان، ترەمپ رایگەیاند، "ئێران هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە، بەڵکو دەبێت تیمی دانوستاندنکار بنێرن."
ترەمپ گوتی، "پێشبینی دەکەم بۆردوومان دەستپێبکەینەوە، چونکە پێموایە بەم هەڵوێستەوە بچینە نێو (دانوستاندنەکان) باشترە. بەڵام ئێمە ئامادەین. مەبەستم ئەوەیە سوپا زۆر پەرۆشە بۆ دەستپێکردن."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە کە "دیارییەکی" چینی بۆ ئێران تێدابوو. ترەمپ گوتی، تاران دەیەوێ لە ماوەی ئاگربەستەکەدا کۆگاکانی چەکی پڕ بکاتەوە.
ئەم قسانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە وادەی ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان واشنتن و تاران بەرەو کۆتایی دەچێت و هەردوولا یەکدی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن. هاوکات هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ رێگری لە دەستپێکردنەوەی شەڕی گشتگیر بەردەوامن.
هەر ئەمڕۆ ترەمپ لە لە ترووس سۆشیەڵ رایگەیاند، تاران پابەندی رێککەوتنی ئاگربەست نەبووە و چەندین جار پێشێلکاری کردووە.