ترەمپ ئێران بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات و هەڕەشەی "دەستپێکردنەوەی بۆردوومان" دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا، ئێران بە "چەندینجار" پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات و هۆشداری دەدات، ئەگەر ئاگربەستەکە کۆتایی بێت و نەگەنە رێککەوتن، دەست بە تەقاندنی بۆمبەکان دەکەنەوە. هاوکات تاران ناردنی هەر شاندێکی بۆ دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد رەتکردەوە.
 
رۆژی سێشەممە 21ی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیەڵ رایگەیاند، تاران پابەندی رێککەوتنی ئاگربەست نەبووە و چەندینجار پێشێلی کردووە. ئەم هۆشدارییەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە کاژێرەکانی کۆتایی رۆژی چوارشەممە (بە کاتی واشنتن) ئاگربەستە کاتییەکەی نێوانیان کۆتایی بێت.
 
ترەمپ لەبارەی ئەگەری درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە گوتی، "زۆر دوورە جارێکی دیکە ئاگربەستەکە درێژبکەمەوە. ئەگەر کاتەکەی تەواو بێت، ئەوا جارێکی دیکە بۆمبەکان دەست بە تەقینەوە دەکەنەوە." گوتیشی، گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران لانابرێت تاوەکو تاران لە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا پاشەکشە نەکات.
 
لە بەرامبەردا، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا هیچ شاندێکی وڵاتەکە بۆ دانوستاندن رووی لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان نەکردووە. سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش رایگەیاند، وڵاتەکەی لەژێر "سێبەری هەڕەشەکاندا" گفتوگۆ ناکات و ئەگەر شەڕ دەستپێبکاتەوە، "کارتی نوێ لە مەیدانی جەنگدا" بەکاردەهێنن.
 
لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، کە بڕیارە میوانداریی گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکان بکات، رێوشوێنی ئەمنیی تووندگیراوەتەبەر. قوتابخانە و زانکۆکان کراونەتە "خوێندنی ئۆنلاین" و هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری ئەو هۆتێلانەی گفتوگۆیان تێدا دەکرێن، جێگیر کراون.
 
لە لایەکی دیکەوە، ئاگربەستێکی 10 رۆژە لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان (حیزبوڵڵا) بەردەوامە. بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن بەڕێوەبچێت.
 
سوپای ئیسرائیل هۆشداریی داوەتە هاووڵاتییانی لوبنان، کە نەگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی باشووری وڵاتەکە، چونکە بە گوتەی ئەوان "حیزبوڵڵا ئاگربەستەکەی پێشێل کردووە". 
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی لوبنان، لە سەرەتای جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا 2387 کەس لەو وڵاتە کوژراون.