کرێملین: پووتین سەردانی هەرێمی کورسکی کرد کە مانگێکە کۆنترۆڵیان کردووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا رایدەگەیێنێت، پووتین سەردانی هەرێمی کورسکی کردووە کە هاوسنوورە لەگەڵ ئۆکراینا، ئەوەش دوای چەند هەفتەیەک لە دەرکردنی هێزەکانی ئۆکراینا لەو سنوورە دێت.
 
رۆژی چوارشەممە 21ی ئایاری 2025 کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا دوێنێ بە کارێک سەردانی هەرێمی کورسکی کردووە."
 
کرێملین ئەوەی روون نەکردووەتەوە کە پووتین بۆ چ مەبەستێک سەردانی کورسکی کردووە، بەڵام رایگەیاند کە چاوی بە بەرپرسانی هەرێمەکە کەوتووە.
 
لە ئابی 2024ـەوە سوپای ئۆکراینا دەستی بەسەر بەشێک لە هەرێمی کورسکی رووسیادا گرتبوو، بەڵام لە کۆتایی مانگی نیسانی ئەم ساڵدا، مۆسکۆ بە یارمەتیی سەربازانی کۆریای باکوور، هەرێمەکەی لە سوپای ئۆکراینا پاککردەوە.
 
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی رووسیا وێنەی سەردانەکەی پووتینی بڵاوکردەوە، تێیدا دەرکەوتووە سەردانی وێستگەی ئەتۆمیی هەرێمەکەی کردووە و لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەش کۆبووەتەوە.
 
راگەیێندراوەکەی کرێملین لە کاتێکدایە، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، ئەمڕۆ زیاتر لە 159 درۆنی ئۆکراینییان لەنێو خاکی رووسیا خستووەتە خوارەوە و زۆربەیان ئاراستەی هەرێمەکانی رۆژئاوای رووسیا کرابوون.
 
هەروەها سوپای ئۆکرایناش رایدەگەیێنێت، رووسیا بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی سوومی و شەش سەربازی ئۆکراینی کوشتوون.
 
چڕبوونەوەی هێرشی هەردوولا بۆ سەر یەکدی لە کاتیکدایە، رۆژی دووشەممە ترەمپ و پووتین بە تەلەفۆن لەسەر ئاگربەستی ئۆکراینا قسەیان کرد.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی وڵاتەکەی بەڵێنی دابوو لە یەکەم رۆژی سەرۆکایەتییەکەیدا کۆتایی بە ململانێی رووسیا و ئۆکراینا بهێنێت، بەڵام هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تاوەکو ئێستا پێشکەوتنێکی کەمیان بەدەستهێناوە.
 
شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا هەینیی رابردوو بۆ یەکەم جار لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵدا دانوستاندنی راستەوخۆیان لە ئیستەنبووڵ ئەنجامدا، بەڵام گفتوگۆکان بەبێ هیچ پابەندبوونێک بە ئاگربەست کۆتاییان هات.
 
لەوەتەی لە مانگی کانوونی دووەمدا دەستبەکاربووە، ترەمپ چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەیەوێت کۆتایی بە ململانێکە بهێنێت و لەم دواییانەدا پشتیوانیی لە داواکاریی ئاگربەستێکی بێ مەرجی 30 رۆژە کردووە.
 
مۆسکۆ و واشنتن هەردووکیان پێشتر جەختیان لەوە کردبووەوە، دەبێت کۆبوونەوەیەک لەنێوان پووتین و ترەمپدا بکرێت بۆئەوەی کۆتایی بە جەنگ بهێندرێت.
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، تاوەکو ئەو کاتەی رووبەڕوو لەگەڵ پووتین کۆنەبێتەوە، "هیچ شتێک روونادات."