توێژینەوەیەک: لە 24 ساڵدا سەرنجی مرۆڤ 70% کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
توێژەرانی سکوڵی پزیشکیی زانکۆی نۆرسوێستنی ئەمریکی دەڵێن، ساڵی 2001 هەر کەسێک تێكڕا 150 چرکە سەرنجی دەخستە سەر هەر بابەتێک کە دەیخوێندەوە، بەڵام ئێستا 47 چرکەیە. بەکارهێنانی زۆری مۆبایل، ئایپاد و کۆمپیوتەر بە هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی سەرنج دادەندرێت.
میشێل زیفرا، پزیشکی دەروونی کە یەکێکە لە توێژەرانی توێژینەوەکە، دەڵێت، "کاتێک ئەوانەی بۆ ماوەیەکی کەمیش ناتوانن سەرنجیان لەسەر بابەتێک بێت، سەردانم دەکەن و گفتوگۆم لەگەڵ دەکەن، دەبینم هەست بە بێهیوایی دەکەن." گوتیشی، "ئەوان دەتوانن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و کار لەسەر زیادکردنی ماوەی سەرنجدانیان بکەن."
توێژەرەکان پێشنیاز دەکەن، هەر کەسێک نزیکەی 2 - 3 خولەک دیاری بکات، تێیدا سەیری هیچ شاشە یان شتێکی دیکە نەکات و تەنیا سەرنجی لەسەر نووسینەکە بێت، ئەوە هاوکار دەبێت لە زیادکردنی ماوەی سەرنجدان.
بەگوێرەی ئەو توێژەرانە، "مرۆڤ ناتوانێت هەمیشە سەرنجی لەسەر بابەتێک بێت، مێشکیش کاریگەرە بەو مەترسی و گۆڕانکارییانەی لە دەوروبەریدا روودەدەن. ئەگەر باوباپیرانمان بە بانگکردنیان یان دەنگێکی بەرز سەرنجیان لەسەر بابەتێک نەمابێت، ئەوا ئێستا بە نۆتیفیکەیشنی هەواڵێکی بەپەلە یان نامەیەک سەرنجەکە دەگۆڕدرێت."
ستەیسی نی، دەروونناس لە زانکۆی ویسکنسن - میلواوکی دەڵێت، لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە خەڵک کاتێکی زیاتر لەسەر مۆبایل، کۆمپیوتەر و ئایپاد بەسەردەبەن.
توێژەرانی سکوڵی پزیشکیی زانکۆی نۆرسوێستنی ئەمریکی دەڵێن، دوورکەوتنەوە لەو ئامێرانە بۆ 30 خولەک، ئامادەکردنی ژەمێک، بە پێ رۆیشتن و دانیشتن بە بێدەنگی هاوکار دەبن لە زیادکردنی ماوەی سەرنجی هەر کەسێک.