ئەڵمانیا ژمارەیەک مێرمنداڵی راستڕۆی تووندڕۆ بەتۆمەتی هێرشکردنە سەر پەناخوازان دەستگیر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر گرووپێک کە لە مێرمنداڵی راستڕۆی تووندڕۆ پێکهاتوون و تۆمەتی هێرشکردنە سەر پەناخوازان و پلانگێڕان دژی حکومەتیان ئاراستەکراوە.
رۆژی چوارشەممە، 21ـی ئایاری 2025، نووسینگەی داواکاری گشتیی فیدراڵیی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، تۆمەتبارەکان تەمەنیان لەنێوان 14 بۆ 18 ساڵانە و ئەندامی "رێکخراوێکی تیرۆریستیی راستڕۆی تووندڕۆ" بوون کە لە نیسانی 2024ـەوە دامەزراوە و بە "دوا شەپۆلی بەرگری" ناسراون.
نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەڵمانیا دەڵێت، ئامانجی گرووپەکە "رووخانی سیستمی دیموکراسی بووە لە کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا لە رێگەی کردەوەی تووندوتیژی، بەتایبەت دژی کۆچبەران و رکابەرە سیاسییەکان."
ئەوانەی کە دەستگیر کراون پێنج کوڕ بوون، چواریان ئەندامی گرووپەکە و یەکێکیشیان لایەنگر بووە.
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا ناوی دوو لە تۆمەتبارەکانی بە (جیڕۆم ئێم و لێنی ئێم) هێناوە و رایگەیاندووە، هەردووکیان بە هەوڵی "کوشتن و ئاگرتێبەردان تۆمەتبارن. "
دوو لە ئەندامانی دیکەی گرووپەکەش بەوە تۆمەتبار کراون کە هەوڵی شکاندنی پەنجەرەی کەمپێکی کۆچبەرانیان داوە لە هەرێمی براندنۆرگی ئەڵمانیا. پۆلیس دەڵێت، دوو تۆمەتبارەکە هەوڵیان داوە بە یاریی ئاگرین باڵەخانەکە بسووتێنن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
ئەو دوو ئەندامە تۆمەتی ئەوەشیان دراوەتە پاڵ کە درووشمی راستڕۆ تووندڕۆکانیان لەسەر باڵەخانەکە نووسیوە، لەوانە "بیانییەکان دەربکەن"، "ئەڵمانیا بۆ ئەڵمانەکان" و "ناوچەی نازی".
پۆلیسی ئەو وڵاتە لە هەڵمەتەکەیدا پشکنینی بۆ 13 شوێن کردووە کە هەندێکیان پەیوەندییان بە سێ ئەندامی گومانلێکراوی گرووپەکەوە هەبووە.