ترەمپ: یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران دەبەین و لەوانەیە لەنێوی ببەین

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە رێککەوتن بێت یان بێ رێککەوتن، وڵاتەکەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران دەبات. ئەمەش لە کاتێکدایە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لە بەدەستهێنانی بەرەوپێشچوون لە دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ تاران کردووە.
 
لە گوتارێکدا لە کۆشکی سپییەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ئێمە یۆرانیۆمە بەرز پیتێنراوەکەی ئێران دەبەین و لەوانەیە لەنێوی ببەین." هەروەها گوتی، واشنتن رێگە نادات ئێران ئەو مادە ئەتۆمییە هەبێت، کە واشنتن و تەلئەڤیڤ دەڵێن، رەنگە لە قۆناخێکدا بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکاربهێندرێت.
 
ترەمپ دەڵێ، واشنتن دڵنیا دەبێتەوە لەوەی ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت. گوتیشی، لە دانوستاندنـە بەردەوامەکانیاندا لەگەڵ تاران، بە هەر شێوەیەک بێت ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی دەهێنن.
 
بەپێی خەمڵاندنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەرێژەی 60٪ هەیە، تارانیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە دوای بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لەلایەن ئەمریکاوە، چیدیکە ناتوانێت دەستی بەو یۆرانیۆمە بگات.
 
ئەمریکا لە چوارچێوەی هەر رێککەوتنێکی چاوەڕوانکراودا، داوای رادەستکردنی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کردووە، بەڵام ئێران ئەوەی رەتکردووەتەوە. لە بەرامبەردا مۆسکۆ پێشنیازی کردووە کە یۆرانیۆمەکە بۆ رووسیا بگوازرێتەوە تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتن ئاسان بێت.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە هێزی دەریایی وڵاتەکەی لەرێگەی گەمارۆکەیەوە بەتەواوی کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزی کردووە، کە بەگوتەی ئەو بووەتە "دیوارێکی پۆڵاین" لەسەر بەندەرەکانی ئێران.
 
گوتیشی، هێزی دەریایی ئەمریکا کارێکی باش دەکات و بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکەوە، هیچ کەشتییەک ناگاتە ئێران و هیچ کەشتییەکیش لێی دەرناچێت. هاوکات جەختی لە پێویستیی کردنەوەی تەنگەی هورمز کردەوە بێ سەپاندنی هیچ باجێک بەسەر ئەو کەشتییانەی پێیدا تێدەپەڕن.
بەگوتەی ترەمپ، خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکەوە، ئێران رۆژانە 500 ملیۆن دۆلار زیان دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لە شەڕی ئەم دواییەدا، 75٪ـی توانای مووشەکیی ئێران لەنێوبراوە.
 
پێشتریش ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی وەشاندنی گورزی نوێی لە ئێران کردووە، ئەگەر لە دانوستاندنـە ناڕاستەوخۆکان بە نێوەندگیریی پاکستان، ئامادەی سازشکردن نەبێت.