دادی ئەڵمانیا بۆ رووداو: دادگەکان دەتوانن کەلەپچەی ئەلیکترۆنی بەسەر ئەنجامدەرانی تووندوتیژیدا بسەپێنن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، کۆمەڵێک رێکاری نوێ دژ بە تووندوتیژیی خێزانی و تایبەت بۆ "پاراستنی ژنان و منداڵان" دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە. ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی یەکێک لە رێکارەکان، دادوەران دەتوانن "کەلەپچەی ئەلیکترۆنی" بەسەر تۆمەتباراندا بسەپێنن تاوەکو لە رێگەی چاودێریی 24 کاژێرییەوە، قوربانییەکان لە تووندوتیژی و مەترسیی زیاتر بپارێزرێن.
بەپێی رێکارێکی دیکە، پەیوەندیی منداڵ لەگەڵ ئەو کەسەی تووندوتیژی ئەنجام دەدات قەدەخە دەکرێت، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە باوک یان دایکی منداڵەکەش بێت.
سەبارەت بە پڕۆژەیاساکانی تووندوتیژی، گوتەبێژێکی وەزارەتی داد و پاراستنی مافی بەکاربەران (BMJV) رۆژی پێنجشەممە، 21ی ئایاری 2026، وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە. بەپێی گوتەی گوتەبێژی وەزارەتەکە، تووندوتیژیی خێزانی یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی تووندوتیژییە و ژنان زۆرترین قوربانیی ئەو دیاردەیەن.
ستیفانی هوبیگ، وەزیری دادی ئەڵمانیا، لەبارەی ئەم بڕیارە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "لەمەودوا دادگەکانی خێزان لە سەرانسەری وڵاتدا مافی نوێیان دەبێت بۆ پاراستنی قوربانییانی تووندوتیژی. ئەوان دەتوانن ئەنجامدەرانی تووندوتیژی ناچار بکەن کەلەپچەی ئەلیکترۆنی ببەستن یان بەشداری لە خولی راهێنانی دژ بە تووندوتیژیدا بکەن."
هوبیگ جەختی کردەوە، کەلەپچەی ئەلیکترۆنی رۆڵێکی تایبەتی لە پاراستنی قوربانییاندا هەیە و تۆمەتبار ناتوانێت بە دزییەوە لە قوربانییەکە نزیک ببێتەوە. وەزیری داد دەڵێت: "کەلەپچەی ئەلیکترۆنی دەتوانێت ژیانی مرۆڤەکان رزگار بکات."
کەلەپچەی ئەلیکترۆنی، جۆرە کەلەپچەیەکی پێشکەوتووە کە دەکرێتە قاچ یان دەستی کەسێک و لە رێگەیەوە کۆنترۆڵی هاتووچۆکردنی دەکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی داد ئاماژەی بە پڕۆژەیاسایەک کرد کە بەپێی "یاسای پاراستنی لە تووندوتیژی"، دادوەر دەتوانێت کەلەپچەی ئەلیکترۆنی بەسەر ئەو کەسەدا بسەپێنێت کە شوێنی مانەوەی نادیارە یان بە زەحمەت دیاری دەکرێت.
بەپێی وەزارەتی داد، "ناوەندێکی هاوئاهەنگی" لەسەر ئاستی هەرێمی بەرپرس دەبێت لە چاودێریی کەلەپچە ئەلیکترۆنییەکان. یاساکە جەخت دەکاتەوە ئەگەر تۆمەتبار کەلەپچەکە بەکارنەهێنێت یان دەستکاریی تێدا بکات، بە زیندانیکردن تاوەکو سێ ساڵ یان بە پێبژاردن سزا دەدرێت.
زانیارییەکان لە ناو شووقەی تۆمەتبار لە رێگەی چاودێریی ئەلیکترۆنییەوە تۆمار ناکرێن، ئەگەر تۆماریش بکرێن دەبێت لەناو ببرێن. ماوەی ئەم چاودێرییە شەش مانگە و بۆ سێ مانگی دیکەش درێژ دەکرێتەوە.
وەزارەتەکە جەختی کردەوە، چاودێریی ئەلیکترۆنی رێگری لە کەیسەکانی کوشتن و بریندارکردنی سەخت دەکات، هەروەها قوربانی و پۆلیس دەتوانن زووتر ئاگادار بکرێنەوە ئەگەر تۆمەتبارەکە لە قوربانییەکە نزیک ببێتەوە.
قەدەخەکردنی پەیوەندیی نێوان منداڵ و کەسی تووندوتیژ
گوتەبێژی وەزارەتی دادی ئەڵمانیا سەبارەت بە پاراستنی منداڵان لە تووندوتیژیی خێزانی، رایدەگەیێنێت کە رێکاری نوێ لە "یاسای منداڵان"دا دەکرێت.
گوتەبێژەکە روونی کردەوە، یەکێک لەو گۆڕانکارییانە لە "مافی پەیوەندی و بینین" دەبێت؛ بەپێی ئەو رێکارە نوێیە، منداڵ لەو کەسە دەپارێزرێت کە تووندوتیژە. "بەرژەوەندیی منداڵ دەبێت لە پێشینە بێت، نەک تەنیا لە کاتی تووندوتیژیی راەستەوخۆ، بەڵکو کاتێک دەبێتە بینەری تووندوتیژییش."
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی داد، ئەگەر دایکێک یان باوکێک بەرامبەر ئەوی دیکە تووندوتیژی بەکاربهێنێت، ئەو کاتە مافی بینینی منداڵەکەی لەگەڵ ئەو لایەنەی تووندوتیژییەکەی ئەنجام داوە، دەکرێت قەدەخە بکرێت.