ئەڵمانیا دوو کەسی دەستگیرکردووە و تۆمەتباری کردوون بە کاری تیرۆریستی بۆ ئێران

رووداو دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی ئەڵمانیا رۆژی پێنجشەممە تۆمەتی ئاراستەی دوو کەس کرد کە پلانیان هەبووە کەسایەتییەکی دیاری لایەنگری ئیسرائیل بکوژن و سیخوڕی بەسەر جووەکانەوە بکەن بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی داواکاری گشتی لە شاری (کارلسروە)، تۆمەتباری یەکەم ناوی (عەلی)ـیە و رەگەزنامەی دانیمارکی هەیە، تۆمەتەکانی "سیخوڕی، هەوڵی کوشتن، هەوڵی گڕتێبەردان و تێکدەرانە"ـی ئاراستە کراوە. تۆمەتباری دووەمیش کە هاوکاری بووە ناوی (تەواب)ـە و رەگەزنامەی ئەفغانی هەیە و بە هەوڵی کوشتن تۆمەتبار کراوە.
 
ئامانجی پلانەکان کێ بوون؟
 
داواکاری گشتی دەڵێت، عەلی سیخوڕی بەسەر فۆلکەر بێک، سەرۆکی کۆمەڵەی ئەڵمانیا-ئیسرائیل و پەرلەمانتاری پێشووی پارتی سەوزەکانەوە کردووە، ئەوەش وەک بەشێک لە پلانێک بۆ تیرۆرکردنی.
 
هەروەها تۆمەتبارەکە سیخوڕی بەسەر جۆزێف شوستەر، سەرۆکی ئەنجوومەنی ناوەندی جووەکان لە ئەڵمانیا و دوو فرۆشگەی جووەکان لە بەرلین کردووە، بە مەبەستی ئەنجامدانی گڕتێبەردان. 
 
پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، عەلی لە سەرەتای ساڵی 2025دا فەرمانی لە "فەیلەقی قودس"ـی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران وەرگرتووە. دواتر لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو پەیوەندی بە (تەواب)ـەوە کردووە، ئەویش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دابینکردنی چەک بۆ کەسی سێیەم بە مەبەستی کوشتنی فۆلکەر بێک.
 
ئەم دوو کەسە ساڵی رابردوو لە دانیمارک دەستگیرکران و دواتر رادەستی ئەڵمانیا کرانەوە.
 
فۆلکەر بێک، کە یەکێک بووە لە ئامانجەکان، داوای لە حکومەتی بەرلین کرد باڵیۆزی ئێران و دیپلۆماتکارانی ئەو وڵاتە لە ئەڵمانیا دەربکات. بێک گوتی، "رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر خاکی ئەڵمانیا بەردەوام هەڕەشەی کوشتن لە جووەکان دەکات، نابێت ئەمە بەبێ سزا تێپەڕێت."
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش راگەیاند، "ئێمە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ژیانی جووەکان لە ئەڵمانیا قبووڵ ناکەین." 
 
تەممووزی ساڵی رابردوو و دوای دەستگیرکردنی ئەو کەسانە، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا باڵیۆزی ئێرانی لە بەرلین بانگهێشت کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی. تاوەکو ئێستا باڵیۆزخانەی ئێران لەسەر ئەم هەواڵە لێدوانی نەداوە.