گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەبارەی عێراق، سووریا و ئێران بۆ رووداو دەدوێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە رووداوی راگەیاند، ناکرێت مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە رێگری لێبکرێت و ئەو پرسە پێویستە لەلایەن گەلی ئێرانەوە یەکلاییبکرێتەوە. سەبارەت بە عێراقیش دەڵێت، پیرۆزبایی لە حکومەتی نوێ دەکەن و ئەمساڵیش کۆبوونەوەیەک بۆ هاوئاهەنگی لە چەند بوارێکدا دەکەن، لەوانە ئابووری. ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە مافەکانی کەمینەکان لە سووریا، لەوانە کورد پارێزراوبێت و دۆخی وڵاتەکە ئاسایی ببێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 21ی ئایاری 2026، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی رووداوی دایەوە.
زاخارۆڤا: تەنیا گەلی ئێران دەتوانێت بڕیار لەبارەی یۆرانیۆمەکەیانەوە بدەن
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەبارەی پێداگری ئێران لە هێشتنەوەی یۆرانیۆمەکەی و ئەمریکا لەسەر نەهێشتنی یۆرانیۆمی پیتێندراو لەو وڵاتەدا بە (رووداو)ی راگەیاند، "پێمانوایە کە مافی ئێران بۆ بەکارهێنانی ئەتۆمی ئاشتییانە، بەگوێرەی ماددەی چوارەمی پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، ناتوانرێت بگۆڕدرێت و ناتوانرێت سنووردار بکرێت لە پێناو هەندێک داواکاری یان سیاسەتی خەیاڵی یان هەندێک گوتەی دەوڵەتانی دیکە".
زاخارۆڤا ئاماژەی بەوەش کرد، "تەنیا گەلی ئێران دەتوانن بڕیار بدەن چۆن مامەڵە لەگەڵ یۆرانیۆم و یۆرانیۆمی پیتێنراو و ئەو ماددە یۆرانیۆمانە بکەن کە هەیانە".
پێش جەنگی 12 رۆژە لە حوزەیرانی رابردوو و جەنگی شوباتی ئەمساڵ، ئێران خاوەن سەروو 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 60% بوو بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هیچی لەبارەی چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمەوە ئاشکرانەکردووە.
لە 8ی نیسانی رابردووەوە کە ئاگربەستی جەنگی شوباتی لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا تێدا راگەیێندرا، ئەمریکا هەوڵیداوە ئەو یۆرانیۆمە لە ئێران نەمێنێت بەڵام تاران رەتیکردووەتەوە بەو داوایە رازیبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی، "دەرفەتی گەیشتن بە رێککەوتنی دوولایەنە هەیە و دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشداری بکەن لە بڕیارداندا. ئێمە هاوڕاین کە بەردەوامبوونی دانوستاندن بەردەوامی ململانێ کەم دەکاتەوە. پێویستە بگەینە چارەسەرێکی سیاسی کە هەر پرسیارێکی بێ بنەما لە بارەی بەرنامەی یۆرانیۆمەکە نەهێڵیت، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران."
زاخارۆڤا: لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق کار دەکەین
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و بەغدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی، "لە 14ی ئایاردا، دەنگدان لە پەرلەمانی عێراق هەبوو، کە بەگوێرەی ئەوە حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی پێکهێنرا. ئەوە کۆتایی پرۆسەی دیاریکردنی داهاتووی دەزگاکانی دەوڵەت بوو"؛ دەشڵێت، "جارێکی دیکە، دەمانەوێت دەستخۆشی لە هاوڕێ عێراقییەکانمان بکەین و پیرۆزباییان لێ بکەین لەسەر ئەمە".
سەبارەت بە کارکردنیان لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق، زاخارۆڤا گوتی: "بەنیازی کارێکی هاوبەشی چالاکین لەگەڵ کابینەی نوێی وەزیرە نوێکانی عێراق بۆ پەرەپێدانی هاوئاهەنگی دووقۆڵی لە بوارە جیاوازەکاندا، بە سەرنجخستنە سەر جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکانی وزە و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی، ئابووری و مرۆییەکان". دەشڵێت، "سەبارەت بە ساڵی 2026، ئێمە پلانی کۆبوونەوەی 11هەمینی لێژنەی نێوان حکومەتەکانی رووسیا و عێراقمان هەیە بۆ هاوئاهەنگی بازرگانی، ئابووری، زانستی و تەکنیکی."
بەپێی مێژووی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، یەکەمین خولی کۆبوونەوەکانی لیژنەی هاوبەشی عێراق و رووسیا بۆ هاوکاریی ئابووری، بازرگانی، زانستی و تەکنیکی لە ساڵی 1994 لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو.
ئەم لیژنەیە لەسەر بنەمای رێککەوتنامەی هاوکاریی ئابووری و تەکنیکی پێکهێنرا کە لە ئابی ساڵی 1993 لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرابوو. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چەندین خولی دیکەی کۆبوونەوەکان لە نێوان بەغدا و مۆسکۆ کراون.
زاخارۆڤا: مەرسوومەکەی سووریا مافی کوردی گەرەنتی کردووە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا سەبارەت بە سووریا رایگەیاند، "لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ رووداوەکانی ناو کۆماری عەرەبیی سوریا دەکەین. ئێمە بە شێوەیەکی نەریتی بایەخ بە بابەتی پەیوەندییەکانی نێوان گرووپە نەتەوەیی و ناوچەییەکان دەدەین کە گەلی سووریا پێکدەهێنن".
سەبارەت بە پاراستنی مافی کەمینەکان لە سووریا بەتایبەت کورد، زاخارۆڤا گوتی، "هاوڕاین کە رێگەی سەقامگیریی بەردەوام لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و لە تەواوی ئەم وڵاتەدا، لەرێگەی دیالۆگێکی بەرفراوانەوە دەبێت کە ئامانجی بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی، تەبایی و بەرژەوەندیی نوێنەرانی هەموو گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کۆمەڵگەی سووری بێت، بە کوردەکانیشەوە".
بەشێکی دیکەی گوتەکانی زاخارۆڤا پەیوەندی بە مەرسوومی سەرۆکایەتی سووریاوە هەبوو سەبارەت بە مافەکانی کورد لەو وڵاتە و دەڵێت، "پێشوازیمان لە دەرکردنی مەرسومی سەرۆکایەتی کرد، مەرسوومی ژمارە 13ی رۆژی 16ی کانوونی دووەمی 2026. ئەم مەرسوومە بڕگەگەلێکی گرنگ لەخۆدەگرێت بۆ گەرەنتی کردنی مافەکانی کورد. ئێمە هیوادارین ئەو جێبەجێکردنەی کە لایەنەکان لەسەری رێککەوتون، ببێتە هۆی گەڕانەوەی سەرکەوتووانەی ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی کۆماری عەرەبیی سووریا بۆ ناو کایە یاساییە هاوبەشەکەی دەوڵەت و ئاساییکردنەوەی درێژخایەنی بارودۆخەکە لەم بەشەی وڵات و لە تەواوی سووریادا."
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی ماریا زاخارۆفا:
رووداو: ئێران پێداگری دەکات کە پیتاندنی یۆرانیۆم مافێکی خۆیەتی، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان پێداگری لەسەر پیتاندنی سفر و نەبوونی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەو وڵاتەدا دەکات. لە روانگەی رووسیاوە، ئایا چارەسەرێکی ناوەندی بۆ ئەم بابەتە هەیە؟ جگە لەوەش، رووسیا دەتوانێت چ رۆڵێک بگێڕێت لە رێگری لە جەنگێکی دیکە لە ناوچەکەدا، کە ئەگەری هەیە زیاتر فراوان بێت؟
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا: هەڵوێستی روسیا لەسەر ئەم بابەتە چەندین جار بڵاوکراوەتەوە. ئەمڕۆ چەندین جار گەڕاوینەتەوە سەری. ئێمە پێمانوایە کە مافی ئێران بۆ بەکارهێنانی ئەتۆمی ئاشتییانە، بەگوێرەی ماددەی چوارەمی پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، ناتوانرێت بگۆڕدرێت و ناتوانرێت سنووردار بکرێت لە پێناو هەندێک داواکاری یان سیاسەتی خەیاڵی یان هەندێک گوتەی دەوڵەتانی دیکە. تەنیا گەلی ئێران دەتوانن بڕیار بدەن چۆن مامەڵە لەگەڵ یۆرانیۆم و یۆرانیۆمی پیتێنراو و ئەو ماددە یۆرانیۆمانە بکەن کە هەیانە. بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی دوولایەنە، دەرفەتی گەیشتن بە رێککەوتنی دوولایەنە هەیە و دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشداری بکەن لە بڕیارداندا. ئێمە هاوڕاین کە بەردەوامبوونی دانوستاندن بەردەوامی ململانێ کەم دەکاتەوە. پێویستە بگەینە چارەسەرێکی سیاسی کە هەر پرسیارێکی بێ بنەما لە بارەی بەرنامەی یۆرانیۆمەکە نەهێڵیت، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران.
رووداو: لەم دواییانەدا حکومەتێکی نوێ لە عێراق پێکهێنراوە. چاوەڕوانییەکانی رووسیا سەبارەت بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق چییە و پێشبینی چ بوارێکی هاوکاری دەکەن؟
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا: لە 14ی ئایاردا، دەنگدان لە پەرلەمانی عێراق هەبوو، کە بەگوێرەی ئەوە حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی پێکهێنرا. ئەوە کۆتایی پرۆسەی دیاریکردنی داهاتووی دەزگاکانی دەوڵەت بوو. جارێکی دیکە، دەمانەوێت دەستخۆشی لە هاوڕێ عێراقییەکانمان بکەین و پیرۆزباییان لێ بکەین لەسەر ئەمە. ئێمە بەنیازی کارێکی هاوبەشی چالاکین لەگەڵ کابینەی نوێی وەزیرە نوێکانی عێراق بۆ پەرەپێدانی هاوئاهەنگی دووقۆڵی لە بوارە جیاوازەکاندا، بە سەرنجخستنە سەر جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکانی وزە و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی، ئابووری و مرۆییەکان. سەبارەت بە ساڵی 2026، ئێمە پلانی کۆبوونەوەی 11هەمینی لێژنەی نێوان حکومەتەکانی رووسیا و عێراقمان هەیە بۆ هاوئاهەنگی بازرگانی، ئابووری، زانستی و تەکنیکی.
رووداو: دوای رووداوەکانی کانوونی دووەمی 2026 لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، دیمەشق بڕیارگەلێکی راگەیاند بۆ رێگەدان بەوەی ناوچە کوردییەکان لە لایەن کوردەکانەوە بەڕێوەببرێن و رێگە بدرێت منداڵانی کورد بە زمانی کوردی بخوێنن. بەڵام ئەم بڕیارانە هێشتا بە تەواوەتی جێبەجێ نەکراون. ئایا ئەم بابەتانە، لەگەڵ نیگەرانییە فراوانەکانی کەمینەکانی دیکە، لە کۆبوونەوەکانتان لەگەڵ بەرپرسانی سووریا تاوتوێ کراون؟
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا: لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ رووداوەکانی ناو کۆماری عەرەبیی سوریا دەکەین. ئێمە بە شێوەیەکی نەریتی بایەخ بە بابەتی پەیوەندییەکانی نێوان گرووپە نەتەوەیی و ناوچەییەکان دەدەین کە گەلی سووریا پێکدەهێنن. هاوڕاین کە رێگەی سەقامگیریی بەردەوام لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و لە تەواوی ئەم وڵاتەدا، لەرێگەی دیالۆگێکی بەرفراوانەوە دەبێت کە ئامانجی بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی، تەبایی و بەرژەوەندیی نوێنەرانی هەموو گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کۆمەڵگەی سووری بێت، بە کوردەکانیشەوە. ئێمە چەندین جار گوتوومانە کە پێویستە زۆر رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا بگیرێت و سەرکردایەتیی سووریاش هەمان رێڕەو پەیڕەو دەکات. ئێمە پشتیوانی لە هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی وڵات و بە شەخسی سەرۆک شەرع دەکەین بۆ دەستەبەرکردنی مافی هەموو هاووڵاتییان بەبێ گوێدانە نەتەوە یان ئایینیان. بە پشتبەستن بە هەڵوێستە بنەڕەتییەکەمان لەسەر ئەم بابەتە، پێشوازیمان لە دەرکردنی مەرسومی سەرۆکایەتی کرد، مەرسوومی ژمارە 13ی رۆژی 16ی کانوونی دووەمی 2026. ئەم مەرسوومە بڕگەگەلێکی گرنگ لەخۆدەگرێت بۆ گەرەنتی کردنی مافەکانی کورد. ئێمە هیوادارین ئەو جێبەجێکردنەی کە لایەنەکان لەسەری رێککەوتون، ببێتە هۆی گەڕانەوەی سەرکەوتووانەی ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی کۆماری عەرەبیی سووریا بۆ ناو کایە یاساییە هاوبەشەکەی دەوڵەت و ئاساییکردنەوەی درێژخایەنی بارودۆخەکە لەم بەشەی وڵات و لە تەواوی سوریادا.