ئەمریکا لە رێگەی پاکستانەوە پێشنیازی نوێی بۆ ئێران ناردووە
رووداو دیجیتاڵ
موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان کە بە سەردانێکی فەرمی لە تارانە، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. میدیای فەرمیی ئێرانیش دەڵێت، ئەمریکا لە رێگەی پاکستانەوە پێشنیازی نوێی بۆ ئێران ناردووە.
هەوڵەکانی پاکستان بۆ سەرخستنی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا بەردەوامن. لەو چوارچێوەیەدا، موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ دووەمین جار لە ماوەی هەفتەیەکدا، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 20ی ئایاری 2026، بە سەردانێک گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.
رۆژی پێنجشەممە، 21ی ئایاری 2026 میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە تاران پێشوازی لە موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان کرد.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم-ی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێرانیش، ئەمریکییەکان لە رێگەی پاکستانی نێوەندگیرەوە پەپامی نوێیان بۆ ئێران ناردووە.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستاندنکاری ئێرانییەوە رایگەیاندووە، دوای ئەوەی چوار رۆژ لەمەوبەر پێشنیازە نوێیە 14 خاڵییەکەی ئێران لە رێگەی پاکستانەوە بۆ ئەمریکییەکان نێردرا، ئەمریکییەکانیش پێشنیازێکی نوێیان بۆ ئێران ناردووە.
بەپێی راپۆرتەکەی تەسنیم، ئێران ئێستا خەریکی تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی پێشنیازە نوێیەکەی ئەمریکایە و هێشتا وەڵامی پێشنیازەکەی نەداوەتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە، لایەنی پاکستانی هەوڵ دەدات، ناوەڕۆکی پێشنیازەکان و بۆچوونی ئێران و ئەمریکا لە یەکدی نزیک بکاتەوە.
تاوەکو ئێستا هیچ وردەکارییەکی پێشنیازە نوێیەکەی ئەمریکا بۆ ئێران بڵاونەکراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، میدیای ئێران و پاکستان بڵاویانکردەوە، بڕیارە عاسیم مونیر، سوپاسالاری پاکستان لە چوارچێوەی گفتوگۆ و راوێژەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بە مەبەستی سەرخستنی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا، ئەمڕۆ سەردانی تاران دەکات.