ئیسرائیل سەرجەم چالاکڤانانی 'کەشتیگەلی ئازادی' دیپۆرت دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، سەرجەم ئەو چالاکڤانە بیانییانەی لە کاتی هەوڵدان بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر غەززە لە دەریادا دەستگیرکرابوون، دیپۆرتکراونەتەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەلایەن وەزیرێکی تووندڕۆی ئیسرائیلەوە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
 
زیاتر لە 430 چالاکڤان لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهانەوە، لە رۆژی دووشەممەی رابردووەوە لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئیسرائیلەوە دەستبەسەر کرابوون، ئەوەش دوای ئەوەی هەوڵیان دابوو بە کەشتییەکانیان گەمارۆی سەر کەرتی غەززە بشکێنن.
 
ڤیدیۆکەی بن غەفیر و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
 
ئیتامار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل کە بە هەڵوێستە تووندەکانی ناسراوە، رۆژی چوارشەممە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێیدا چالاکڤانە دەستگیرکراوەکان دەردەکەون کە دەستیان بەستراوەتەوە و سەریان لەسەر زەوی دانراوە. 
 
بن غەفیر لە ڤیدیۆکەدا بە گاڵتەجاڕییەوە دەڵێت "بەخێر بێن بۆ ئیسرائیل"، ئەمەش بووە هۆی توڕەیی و کاردانەوەی دیپلۆماسی لە ئاستی جیهاندا.
 
ئۆرێن مارمۆرشتاین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، رایگەیاند، "سەرجەم چالاکڤانە بیانییەکانی ناو کەشتیگەلەکە لە ئیسرائیل دیپۆرت کراونەتەوە." گوتیشی، "ئیسرائیل رێگە بە هیچ پێشێلکارییەک بۆ گەمارۆ دەریاییە یاساییەکەی سەر غەززە نادات."
 
پڕۆسەی گەڕانەوەی چالاکڤانەکان
 
سەنتەری (عەدالە) کە نوێنەرایەتی یاسایی چالاکڤانەکان دەکات، ئاماژەی بەوە کرد، زۆرینەی چالاکڤانەکان لە رێگەی فڕۆکەخانەی (رامۆن) لە باشووری ئیسرائیلەوە رەوانەی دەرەوە کراون. ئەو چالاکڤانانە پێشتر لە زیندانی (کەزیعۆت) لە بیابانی نەقەب لە نزیک غەززە راگیرابوون.
 
تورکیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی بە پەلە هاتە سەر هێڵ و سێ فڕۆکەی تایبەتی بۆ گواستنەوەی زیاتر لە 400 سەرنشین و هاووڵاتییانی خۆی بۆ فڕۆکەخانەی رامۆن نارد. لە لایەکی دیکەوە، چالاکڤانە میسرییەکان رەوانەی خاڵی سنووری "تابا" و چالاکڤانە ئوردنییەکانیش رەوانەی (عەقەبە) کراون.
 
ئەشکەنجەدان و برینداربوونی چالاکڤانەکان
 
سوهاد بەشارە، بەڕێوەبەری یاسایی لە سەنتەری عەدالە راگەیاند، لانیکەم دوو چالاکڤان بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەی پلاستیکییەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون و هەندێکی دیکەشیان گومانی شکانی پەراسوویان لێدەکرێت.
 
ئالیساندرۆ مانتۆڤانی، رۆژنامەڤانێکی ئیتاڵی کە لەگەڵ چالاکڤانەکاندا دەستگیرکرابوو، دوای گەیشتنەوەی بۆ رۆما گوتی، "ئێمەیان بە کەلەپچە و زنجیر برد بۆ فڕۆکەخانە. لێیان دەداین، شەق و مشتەکۆڵەیان لێدەداین و پێیان دەگوتین: بەخێر بێن بۆ ئیسرائیل."
 
کاردانەوە
 
کاردانەوەکان تەنیا لەسەر ئاستی جیهان نەبوون، بەڵکو لە ناوخۆی ئیسرائیلیشدا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران و جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوە، رەخنەیان لە رەفتارەکەی بن غەفیر گرت. تەنانەت مایک هەکەبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، رەخنەی لەو ڤیدیۆیە گرت.
 
ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کرد سزای بن غەفیر بدات. بەریتانیاش باڵاترین دیپلۆماتی ئیسرائیلی لە لەندەن بانگهێشت کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی.
 
ئەم کەشتیگەلە کە نزیکەی 50 بەلەمی لەخۆگرتبوو، هەفتەی رابردوو لە تورکیاوە بەڕێکەوتبوون. ئەمە نوێترین هەوڵی چالاکوانان بوو بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ غەززە، کە لە ساڵی 2007وە لەژێر گەمارۆدایە و بەهۆی شەڕی دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە، رووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی کوشندە و کەمیی خواردن و دەرمان بووەتەوە.