سکرتێری گشتیی ناتۆ: چی دیکە نابێت زۆر پشت بە ئەمریکا ببەستین
رووداو دیجیتاڵ
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ داوای لە هاوپەیمانییەکە کرد چیدیکە زۆر پشت بە ئەمریکا نەبەستن.
دوای بەسەرکردنەوەی مەشقێکی سەربازی لە ناوچەی رێڤینگێ لە سوێد، رووتە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دەبێت ئەم پشتبەستنە زۆرە بوەستێندرێت."
هەروەها گوتیشی: "راستە کە دەبێت ئەم هاوسەنگییە دروستبکەینەوە، بۆ ئەوەی ئەمریکاش بتوانێت زیاتر سەرنج بخاتە سەر بەرەکانی دیکە."
لە هەمان کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا، ئولف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد رایگەیاند کە وڵاتەکەی "تاوەکو دەتوانێت یارمەتیی ئۆکراینییەکان دەدات، بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەین هێرشەکانیان بە ئاراستەیەکی دروستدا ئەنجام بدەن."
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی سوێد، لە ساڵی 2022ـەوە ئەو وڵاتە پاڵپشتی لە "هەوڵەکانی ئۆکراینا دەکات بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان."