ئیسپانیا بەهۆی ڤیدیۆیەکەوە داوا لە ئیسرائیل دەکات داوای لێبووردن بکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیسپانیا داوا لە ئیسرائیل دەکات، بە فەرمی و ئاشکرا داوای لێبووردن بکات، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک کە تێیدا وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل گاڵتە و سووکایەتی بە چالاکڤانە دەستبەسەرکراوەکانی (کەشتیگەلی ئازادی) دەکات.
ئەو ڤیدیۆیانە رۆژی چوارشەممە لەلایەن ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیلەوە بڵاوکراونەتەوە و تێیدا دەردەکەوێت کە بەنێو نزیکەی 430 دەستبەسەرکراودا پیاسە دەکات.
لە یەکێک لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت، چالاکڤانەکان لە پشتەوە دەستیان بەستراوەتەوە، ناچارکراون بکەونە سەر ئەژنۆ و سەریان بە زەوییەوە بنووسێن، کە پێدەچێت شوێنێکی کاتیی دەستبەسەرکردن بێت لەنێو کەشتییەکدا.
خۆسێ مانوێل ئەلبارێس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەرلین، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ چالاکڤانەکانی بە "دڕندانە و نامرۆڤانە" وەسفکرد.
کەشتیگەلەکە کە لە زیاتر لە 50 بەلەم و کەشتی پێکهاتبوو، هەفتەی رابردوو لە تورکیا و لە نزیک قوبرسەوە بەرەو کەرتی غەززە بەڕێکەوت. رێکخەرانی کەمپینەکە دەڵێن، مەبەستیان ئەوە بووە سەرنجی جیهان بخەنەوە سەر بارودۆخی نزیکەی دوو ملیۆن فەلەستینی لە کەرتی غەززە.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل ئەو کەشتیگەلەی بە "نمایشێکی راگەیاندن لە خزمەتی حەماس" چوواند و دەڵێت، هیچ نیازێکی راستەقینەیان بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ غەززە نییە، چونکە بەلەمەکان بڕێکی زۆر کەم هاوکارییان هەڵگرتووە.
بەپێی ماڵپەڕی کەشتیگەلەکە، هێزەکانی ئیسرائیل لە دووریی نزیکەی 268 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی غەززە دەستیان بە راگرتنی بەلەمەکان کردووە. پێشتریش لە 30ـی نیساندا، ئیسرائیل 20 بەلەمی ئەو کەشتیگەلەی لە نزیک دوورگەی کریت راگرتبوو.
لەوەتەی بزووتنەوەی حەماس لە ساڵی 2007ـەوە کۆنترۆڵی غەززەی کردووە، ئیسرائیل گەمارۆی دەریایی بەسەر ئەو کەرتەدا سەپاندووە. دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل گەمارۆکەیان تووندتر کرد، ئەوەش دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023.
رەخنەگران دەڵێن ئەم گەمارۆیە وەک سزادانی بەکۆمەڵ وایە، بەڵام ئیسرائیل دەڵێت ئامانج لێی رێگریکردنە لەوەی حەماس چەک بەدەستبهێنێت. میسریش کە خاوەنی تاکە دەروازەی سنوورییە لەگەڵ غەززە و لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵ نەکراوە، هاتووچۆی لەو دەروازەیە زۆر سنووردار کردووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل لەدوای 7ـی تشرینی یەکەمەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 72 هەزار و 700 کەس کوژراون.