سەفین دزەیی: راگیرانی نەوت و پەیوەندیی هەولێر و بەغدا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانمان بوون لە ئەمریکا

رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان چەند رۆژێکە لە ئەمریکان. سەفین دزەیی دەڵێت، چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کردووە و باسیان لە دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر و راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە.
 
رۆژی هەینی، 21ـی تەمووزی 2023، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن دی سی گوت، لە پێنج رۆژی رابردوودا چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بەرپرسانی لیژنەکان لە کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران هەبووە و ئەنجامەکان "باش" بوون.
 
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەکرد، کۆی دیدارەکانیان لەسەر چەند بابەتێک بوون: دۆخی ئاساییشی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، چاکسازییەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە، مەترسییەکانی سەر ناوچەکە، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بودجەی هەرێمی کوردستان.
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە چاکسازییەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە و خواستی وڵاتان بۆ چاکسازییەکە کرد و گوتی، "چەند مانگێکە بەڕێز وەزیری پێشمەرگە لەکار نەماوە، بۆیە کۆمەڵێک لەو بابەتانەی هەن بە هەبوونی وەزیری پێشمەرگە ئاسانتر چارەسەر دەکرێن. پڕۆگرامێک هەیە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کە جاران ساڵانە بوو و ماوەیەک لەمەوبەر بوو بە سێ ساڵ. لە چوارچێوەی ئەو پڕۆگرامەدا هەنگاو بە هەنگاو وەکو نەخشە رێگەیەک دانراوە کە بەرنامەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە چۆن بێت. هەنگاوی باش زۆر نراوە و کاری زۆریش کراوە، بەڵام حەز و خواستی ئێمە ئەوەیە زیاتر و زووتر بێت؛ حەز و خواستی دۆستەکانیشمان ئەوەیە لە ئێمە زیاتر پەرۆشترن کە بە زووترین کات کۆتایی پێ بێت؛ ئامۆژگاری ئەوەیان کردین زیاتر هاوکار بین لە جێبەجێکردنی پڕگرامەکان". 
 
لەبارەی ئازادی رادەربڕین و نیگەرانیی وڵاتانەوە، سەفین دزەیی گوتی، بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی کوردستان، ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان زیاترە، بەڵام کەموکورتیش هەیە.
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە راپۆرتی رێکخراوەکان لەسەر هەرێمی کوردستان لە بواری ئازادیی رادەربڕین کرد و گوتی، زۆر وڵات هەن هەر رێگە نادەن ئەو رێکخراوانە بچنە وڵاتەکانیانەوە؛ گوتیشی، لە هەرێمی کوردستان جار هەیە بەناوی رۆژنامەگەرییەوە "کاری ناڕەوا" کراوە.
 
لە بەردەوامیی قسەکانیدا سەفین دزەیی باسی لەوەکرد، ئەوانەی لەگەڵیاندا کۆبوونەتەوە "خواستی یەکجار زۆر"یان هەبووە بەردەوامی بە پەیوەندییەکان بدرێت و ئامادەش بوون بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاری پێشمەرگە.