ناسا: پێدەچێت تەممووزی ئەمساڵ گەرمترینی مێژوو بێت


رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕانی کەشوهەوا لە ئاژانسی ناسا دەڵێن، پێدەچێت مانگی تەممووزی ئەمساڵ گەرمترینی مێژوو بێت، ئەوە لەکاتێکدایە کە پسپۆڕان مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیان بە گەرمترین مانگی حوزەیران لە مێژووی تۆمارکراوی پلەی گەرما داناوە.

رۆژی پێنجشەممە، 21ـی تەممووزی 2023، گێڤن شیمدت، پسپۆڕی بواری کەشوهەوا لە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا "ناسا"، لە کۆنفرانسێکدا لە واشنتن بە رۆژنامەڤانی راگەیاند، "گۆڕانکارییەک لە جیهان دەبینین کە پێشتر هەرگیز رووینەداوە؛ ئەو شەپۆلی گەرمایەی کە ئێستا لە ئەمریکا، ئەوروپا و چین دەیبینین، ریکۆردەکانی شکاندووە."
 
هاوکات، کەیت کاڵڤن، سەرۆکی ناسا و راوێژکاری باڵای کەشوهەوا گوتی، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ گەرمترین مانگی حوزەیرانی بووە لە مێژوودا، چاوەڕوان دەکرێت تەممووزی ئەمساڵیش ببێتە گەرمترین مانگی تەممووز لە مێژوودا. 
 
کاڵڤن دەڵێت، "ئێمە لە زانستەوە دەزانین کە چاڵاکییەکانی مرۆڤ، بەتایبەت دەردانی گازە زیانبەخشەکان دەبنە هۆی گەرمبوونی زەوی."
 
پسپۆڕانی بواری کەشوهەوا لە ناسا ئاماژەیان بەوە کرد، ساڵی 2023 دەبێتە گەرمترین ساڵ لە مێژووی تۆمارکراودا و هۆشداریشیاندا لەوەی کە ساڵی داهاتوو لە ئەمساڵ گەرمتر دەبێت. 
 
بەگوێرەی ناسا، لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەردەوام بەرزبووەتەوە، هۆشداریش لە گەرمبوونی زیاتری زەوی دەدەن. 
 
پسپۆڕانی ناسا باسیان لە چەندین دیاردەی سرووشتی کردووە کە ئاماژەن بۆ گەرمبوونی زەوی، وەکو زیادبوونی دیاردەی لافاو و زۆربوونی شەپۆلی گەرما، کە زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە.
 
بەگوتەی شارەزایان؛ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کاریگەریی لەسەر سەهۆڵبەندەکانی جەمسەری باکوور هەبووە، هۆشداریشیان داوە کە ئاگری دارستانەکان زۆرتر دەبن و رووبەری وشکەساڵیش فراوانتر دەبێت، بەمەش زیانێکی گەورە بە کەرتی کشتوکاڵ و سەوزایی دەکەوێت.