هەواڵگریی ئەمریکا: لە کاتی یاخیبوونەکەی ڤاگنەر کرێملن توانای بڕیاردانی نەبوو
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا دەڵێت، یاخیبوونەکەی گرووپی ڤاگنەر دژی سوپای رووسیا، پرسیاری خستە سەر شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە و ئەوەی دەرخست کە سەرکردایەتیی رووسیا لە رووداوەکان دابڕاون.
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی تەممووزی 2023، وێڵیەم بێرنس، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا، لە کۆنفرانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکادا کە لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ بەڕێوەچوو، باسی لە یاخیبوونەکەی گرووپی ڤاگنەر کرد و رایگەیاند، لەکاتی یاخیبوونەکەدا، دەسەڵاتدارانی کرێملن توانای بڕیاردانیان نەبوو.
بێرنس وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کاتی یاخیبوونەی گرووپی ڤاگنەردا نەیزانیوە چ بڕیارێک بدات، دەڵێت، "بۆ هەموو ئەو رووسییانەی کە ئەمە دەبینن و پووتین وەکو فەرمانڕەوا دەبینن؛ پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئیمپڕاتۆڕ هیچ جلێکی نییە لەبەری بکات؟ بۆچی ئەو [ئیمپراتۆڕ] ئەوەندەی پێدەچێت بۆ ئەوەی جل لەبەر بکات."
بەگوتەی بێرنس، "ئەمریکا هەندێک زانیاری هەبوو لەوەی کە رەنگە یاخیبوونەکە رووبدات". دەشڵێت، "ئەمریکا پێشبینی ئەوەی کرد رەنگە پووتین گرووپی ڤاگنەر لە پریگۆژین 'سەرۆکی گروپەکە' جیابکاتەوە بۆ ئەوەی لێهاتووی گروقپەکە لە شەڕکردن بپارێزێت."
باشترە تۆڵەسەندەوە هەڵبگیرێت بۆ دواتر
بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا باسی لە قۆناخی دوای هەڵگەڕانەوەکەی گرووپی ڤاگنەر کرد و گوتی، پریگۆژین ئێستا لە بێلاڕووسە و بەشێک لە کاتەکانیشی لە رووسیا بەسەردەبات.
سەبارەت بە پەیوەندیی ئێستای نێوان پووتین و پریگۆژین، بێرنس دەڵێت، "ئەوەی دەیبینی سەمایەکی زۆر ئاڵۆزی نێوان پووتین و پریگۆژینە؛ پێموایە پووتین کەسێکە کە پێیوایە، باشترە تۆڵەسەندەوە هەڵبگیرێت بۆ دواتر."
دوای ئەوەی ناکۆکی کەوتە نێوان فەرماندەکانی سوپای رووسیا و گرووپی ڤاگنەر، ئێوارەی رۆژی شەممە، 24ـی حوزەیرانی 2023، گرووپی ڤاگنەر یاخیبوونی لە سوپای رووسیا راگەیاند و ئاراستەی لوولەی تڤەنگەکانیان لە ئۆکرایناوە گۆڕی بۆ رووسیا. تاوەکو رۆژی دواتر گرووپی ڤاگنەر پێشڕەوییان کرد و "بەبێ خوێن رشتن" هەرێمی رۆستۆڤیان کۆنترۆڵکرد، پاشان بەرەو پایتەخت کەوتنەڕێ.
چەکدارانی گرووپەکە تەنیا 200 کیلۆمەتر لە مۆسکۆ دوور بوون، هەڕەشەی دەستگیرکردنی وەزیری بەرگری و سوپاسالاریان دەکرد کە پریگۆژین، سەرۆکی گرووپەکە تۆمەتباری کردوون بە هۆکاری کوژرانی هەزاران چەکداریان لەشەڕی ئۆکراینا، بەڵام دواتر پێشڕەوییەکانیان راگرت و کشانەوە.
بێرنس لە ساڵی 2005 تاوەکو ساڵی 2008 باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە رووسیا و بە کەسێکی شارەزا لە سیاسەتی مۆسکۆ و مێشکی پووتین دادەندرێت.
بێرنس دەڵێت، زیاتر لە دوو دەیەیە چاودێریی پووتینی کردووە، مامەڵەی لەگەڵدا کردووە و لەبارەی کەسایەتی پووتین دەڵێت: "ئەو تێکەڵەیەکی سووتێنەرە لە ئاواتخوازی، ناڕەزایەتی و نائارامی."