وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: تەنزانیا چوار هاووڵاتیی خۆی لە کەمپی رۆژ گەڕاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، تەنزانیا چوار هاووڵاتیی وڵاتەکەی لە کەمپی رۆژ لە رۆژئاوای کوردستان گەڕاندەوە، داواش لە وڵاتان دەکات کار بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانیان لە کەمپەکانی رۆژ و هۆل بکەن.
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، نووسینگەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەو تەنزانیانەی گەڕێندراونەتەوە ژنێک و سێ منداڵ بوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، "تەنیا چارەسەری بەردەوام بۆ قەیرانی مرۆیی و ئەمنی لەم کەمپانەدا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەوەیە کە وڵاتان هاووڵاتییەکانیان بگەڕێننەوە، دوای شیاندنەوەیان تێکەڵ بە کۆمەڵگەیان بکەنەوە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێیوایە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی وڵاتان لەو دوو کەمپەی رۆژئاوای کوردستان، "مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکە کەمدەکاتەوە و یارمەتیدەر دەبێت لە دڵنیاکردنەوەی داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ سووریا."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نزیکەی 14500 هاووڵاتیی 70 وڵات لە کەمپەکانی هۆل و رۆژدان، کە زۆرینەیان منداڵی خوار 12 ساڵن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سوپاسی تەنزانیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات کە کارئاسانیان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ژنە و سێ منداڵەکە کردووە.