وەزارەتی داد و پۆلیسی سویسرا بۆ رووداو: 2080 عێراقی چاوەڕێی وەرگرتنی مافی پەنابەرین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی داد و پۆلیسی سویسرا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو هەزار و 80 پەناخوازی عێراقی داواکارییەکەیان لەژێر لێکۆڵینەوە دایە. بەپێی ئاماری وەزارەتەکەش، 7 هەزار و 289 هاووڵاتیی عێراق و هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتەدا نیشتەجێن.
وەزارەتی داد و پۆلیسی سویسرا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "دوو هەزار و 80 هاووڵاتیی عێراقی لە قۆناخە جیاوازەکانی وەرگرتنی مافی پەنابەریێتین،" ئەم ئامارە پەناخوازانی کوردی باشووری کوردستانیش دەگرێتەوە.
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی وەزارەتەکە بۆ رووداوی ناردوون، کانوونی دووەمی 2024، دوو هەزار و 515 پەناخوازی عێراقی داواکارییەکەیان لەژێر لێکۆڵینەوە دابوو، بەمە رێژەکە 17.3% کەمیکردووە.
وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دەکات، 7 هەزار و 289 هاونیشتمانی کورد و هاووڵاتیی عێراقی لەو وڵاتە نیشتەجێن لەکاتێکدا کانوونی دووەمی پار ژمارەکە 6 هەزار و 866 کەس بوو. بەمە رێژەکە 6.16% زیادیکردووە. ئەمە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لە پرۆسەی داواکردنی مافی پەنابەریدان.
زۆرترین هاونیشتمانیی کورد و هاووڵاتییە عێراقییەکان لە کانتۆنی زیورخ دەژین، کە ژمارەیان هەزار و 469 کەسە.
لەبارەی ژمارەی بیانییەکان لە سویسرا، حکومەتی وڵاتەکە دەڵێت، لە 9 ملیۆن دانیشتووی وڵاتەکە دوو ملیۆن و 188 هەزار و 893 کەسیان بیانین و زۆرترینیان لە کانتۆنی زیورخن.