ئەڵمانیا 'ئەبو وەلا عێراقی' دەردەکات کە لە عێراق سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی ئەڵمانیا بڕیاری کۆتایی لەبارەی دەرکردنى بەرپرسێکی پێشووی عێراقیی رێکخراوی داعش بە ناوی 'ئەبو وەلا' دەرکرد، کە لە عێراق سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.
بڕیارەکە لە دادگەی کارگێڕیی شاری دوسڵدۆرفی ئەو وڵاتە دەرکراوە و تێیدا هاتووە، بڕیاری دەرکردنى لەو وڵاتە پلەی کۆتایی وەرگرتووە.
ئەحمەد عەبدولعەزیز عەبدوڵڵا، ناسراو بە "ئەبو وەلا عێراقی"، بەوە تۆمەتبار کراوە کە یەکێکە لە سەرکردەکانی رێکخراوی داعش. ساڵی 2016 دەستگیرکرا و بە 10 ساڵ بەندکردن سزا درا، کە ساڵی 2027 ماوەی سزاکەی تەواو دەبێت.
ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کرابوون، بریتی بوون لە بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی تووندئاژۆیی و ناردنی گەنجان بۆ سووریا و عێراق بەمەبەستی شەڕکردن لەنێو ریزەکانی رێکخراوی داعش.
ئەبو وەلا، پێشتر لە حوزەیرانی 2025 داوای پێداچوونەوەی بە بڕیاری دوورخستنەوەی کردبوو لەدوای تەواوکردنی سزاکەی، بەڵام دادگە داواکەی رەتکردەوە.
بەگوێرەی میدیای ئەڵمانیا، ئەبو وەلا لەلایەن دادگەکانی عێراقەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە.