ترەمپ داوا لە وەزارەتی داد دەکات نەیارەکانی تۆمەتبار بکات
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا داوای لە وەزارەتی دادی وڵاتەکەی کرد رێوشوێن بەرامبەر نەیارەکانی بگرێتەبەر، ئەمەش نوێترین هەنگاوە لە زنجیرەیەک جووڵەی سەرۆکە کۆمارییەکە کە رەخنەگران دەڵێن، سەربەخۆیی وەزارەتەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامێکی بۆ پام بۆندی، داواکاری گشتیی ئەمریکا نووسیوە و تێدا تووڕەیی خۆی لە نەبوونی رێکاری یاسایی دژی ئادەم شیڤ، سیناتۆری کالیفۆڕنیا و لتیشیا جەیمس، داواکاری گشتیی نیویۆرک دەربڕیوە، کە هەردووکیان دیموکراتن.
شیف و جەیمس لەنێو ئەو کەسانەدان لەلایەن هاوپەیمانی نزیکی ترەمپەوە، بیڵ پۆڵتی، بەڕێوەبەری ئاژانسی فیدراڵیی دارایی خانووبەرە، بە ساختەکردنی بەڵگەکانی قەرزی خانووبەرە تۆمەتبارکراون.
ترەمپ گوتی: "ناتوانین چیدی دوای بخەین، ئەمە ناوبانگ و متمانەی ئێمە دەکوژێت."
رۆژی هەینی، ترەمپ ئەو داواکارە فیدراڵییەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە کە گوتبووی، جەیمس بێتاوانە و بەڵگەی تەواو نییە کە بەڵگەنامەکانی قەرزی خانووبەرەی ساختە کردبێت.
ئیریک سیبێرت، داواکاری گشتیی ئەمریکا بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ڤێرجینیا، رۆژی هەینی لەڕێگەی ئیمەیڵێکەوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی بە کارمەندەکانی راگەیاندووە.
ترەمپ رۆژی شەممە گوتی: "من ئەوم دەرکرد، دۆسیەیەکی زۆر باش هەیە، زۆر لە پارێزەران و پسپۆڕانی یاساییش هەمان قسە دەکەن،" وادیاربوو ئاماژەی بە لێکۆڵینەوە لەبارەی جەیمس دەکرد.
شیف و جەیمس لە ساڵانی رابردوودا بە جیا لەگەڵ ترەمپ تووشی پێکدادان بوون.
ئەو دوو دیموکراتە، سەرپەرشتیی لێکۆڵینەوە یاساییەکانی دژی ترەمپیان کردووە، کە سەرۆکە کۆمارییەکە بە "هەڵمەتی سیاسیی بێ بنەما" ناوی بردوون.
رۆژی شەممە ترەمپ رایگەیاند، لیندسی هالیگانی، یاریدەدەری کۆشکی سپی، بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکەی سیبێرت دیاریکردووە. سەرۆکی ئەمریکا، هالیگانی بە "پارێزەرێکی تووند، زیرەک و دڵسۆز" ناوبرد.