توێژینەوەیەکی ناسا: دەکرێت بوونەوەرە ئاسمانییەکان سیخوڕی بەسەر پەیوەندییەکانمانەوە بکەن
رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێی ناسا دەڵێ، دەکرێ بوونەوەرە ئاسمانییەکان، ئەگەر هەبن، لە پەنهاندا چاودێریی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و کەشتی و گالیسکە ئاسمانییەکان بکەن، بەڵام رەنگە مرۆڤ نەتوانێ هەست بە پەیوەندیی نێوان ئەوان و ئامێرەکانیان بکات.
بۆ ئەوەی لەسەر زەوییەوە گالیسکەیەکی سەر مەریخ جڵەو بکەی و بۆ راست یان چەپ بیجوڵێنی، ئاراستەی کەشتییەک لە خولگەی هەسارەیەکی دیکە بگۆڕی یان لەگەڵ ئاسمانەوانان قسە بکەی، پێویستە شەپۆلی بەهێز بەرەو شوێنەکەیان لە بۆشایی ئاسمان یان هەسارەکان بنێری. بێگومان، ئەو ئامێرەی شەپۆلە رادیۆییەکانی بۆ دەنێرین، واتە چ ئامێری پەیوەندیی دەنگی بێ، گالیسکە بێ یان کەشتی، هەموو ئاماژەکان (سیگناڵەکان) ناگرێتەوە، بەڵکو هەندێکیان بەسەریاندا تێدەپەڕن و بۆ قووڵایی نێوجەرگەی گەردوون، درێژە بە گەشتە بێکۆتایەکەیان دەدەن.
توێژینەوە نوێیەکە کە بە هاوبەشی لە لایەن زانایانی زانکۆی ویلایەتی پێنسلڤانیا و ناساوە کراوە، ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر رێی ئەو شەپۆلە رادیۆیانە بکەوێتە هەر شارستانییەکی بوونەوەرە ئاسمانییەکان، بوونەوەرەکان دەتوانن گوێ لە پەیوەندییەکانی مرۆڤ بگرن و بزانن ئێمە چی دەکەین و چی ناکەین.
پینچن فان، ئاسمانەوانی زانکۆی ویلایەتی پێنسلڤانیا دەڵێت: "بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی لە 20 ساڵی رابردوودا کۆمان کردوونەتەوە، ئەگەر شارستانییەکی هۆشمەند لە دەرەوەی زەوی هەبێت و لەگەڵ هەسارەی زەوی و مەریخ بکەوێتە سەر یەک هێڵی راست، ئەوا 77٪ ئەگەری ئەوە هەیە بکەونە سەر رێگەی گواستنەوەی پەیوەندییەکانمان."
بە گوتەی ئاسمانەوانەکە، ئەگەر بوونەوەرە ئاسمانییەکان لە شوێنە هەڕەمەکییەکانی دیکە هەبن، واتە لەگەڵ مەریخ و زەوی لەسەر هێلێکی راست نەبن، ئەگەری هەستکردنیان بە پەیوەندییەکانی مرۆڤ کەمترە.
تیمەکە لێکۆڵینەوەی لەسەر داتای دەیان ساڵی سیستمی "تۆڕی بۆشایی قووڵ" (DSN)ی ناسا کردووە کە بۆ پەیوەندیکردن بە کەشتییەکانی دەرەوەی مەودای زەوی و مانگ بەکاردەهێنرێت.
لەبەر ئەوەی هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر لە خولگەدا دەسووڕێنەوە، ئەو بوونەوەرە ئاسمانییانەی دەکەونە بەرامبەر ئەو خولگانە، زۆرترین دەرفەتی گوێگرتن و چاودێریکردنی پەیوەندییەکانی سەر ئەو هەسارانەیان هەیە، بەتایبەتی ئەگەر مەودای نێوان ئێمە و ئەوان 23 ساڵی رووناکی بێت کە دەکاتە 217.5 ترلیۆن کیلۆمەتر.
شتە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێ ئەم میکانزمە زانستییە پێچەوانە بکاتەوە و بۆ گەڕان بە دوای بوونەوەری ئاسمانیدا بەکاری بێنێت.
واتە ئەگەر شارستانییەکی هۆشمەند لە هەسارەکانی دیکە هەبێ و بە شەپۆلی رادیۆیی بە دوای ئێمەدا بگەڕێ، ئەوا کاتێک هەسارەکەمان لەگەڵ هەسارەکەیان دەکەوێتە سەر هێڵێکی راست، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەتوانین شەپۆل و ئاماژەکانیان بگرینەوە و شیکاریان بکەین.
فان دەڵێت: "بەڵام لەبەر ئەوەی تەنیا یەک دوو دەیەیە هەسارەی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆرمان دۆزیوەتەوە، جارێ نازانین چەند چەند کۆمەڵە هەیە کە هەسارەکانیان بکەونە بەرامبەر هەسارەکەمان. بە هەڵدانی تەلەسکۆپی نانسی گرەیس رۆمان سپەیسی ناسا لە ماوەی داهاتوودا، پێشبینی دەکەین سەدان هەزار هەسارەی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر بدۆزینەوە کە پێشتر نەزانراو بوون، ئەوەش توانای بواری گەڕانمان بە شێوەیەکی گەورە بەرفراوان دەکات."
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە گۆڤاری Astrophysical Journal Letters بڵاوکراوەتەوە، کە لە واشنتنەوە دەردەکرێت.