بەریتانیا دانی بە دەوڵەتی فەلەستین دا نا
رووداو دیجیتاڵ
کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا. ستامەر داوای لە ئیسرائیل کرد، تووندوتیژییەکان رابگرێ.
رۆژی یەکشەممە 21-09-2025 ستامەر لە لەندەنەوە رایگەیاند: "ئەمڕۆ بۆ زیندووکردنەوەی هیوای ئاشتی و چارەسەری دوو دەوڵەتی، بە روونی رایدەگەیەنم، وەک سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە مەزنە، شانشینی یەکگرتوو بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێم."
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی: "بەهۆی ئەو ترسە زیادبووەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، کار بۆ هێشتنەوەی ئەگەری ئاشتی و چارەسەری دوو دەوڵەت دەکەین، ئەمەش واتە ئیسرائیلێکی سەقامگیر و دەوڵەتێکی فەلەستین کە ئێستا هیچ کامیانمان نییە."
ستامەر رایگەیاند، لەگەڵ خێزانی ئەو بارمتە بەریتانییانە کۆبووەتەوە کە حەماس رفاندنی و گوتی: "هەموو رۆژێک ئەو ئەشکەنجەیە دەبینم کە ئەوان پێیدا دەڕۆن. هەموو رۆژێک ئەو ئازارە دەبینم کە رێک لە دڵی خەڵکی ئیسرائیل و بەریتانیا دەچەقێت."
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی: "مەرجە دەستبەجێ بارمتەکان ئازاد بکرێن و شەڕیش بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ نیشتمان دەکەین."
ستامەر ئاماژەی بەوەشدا: "بانگەوازی ئێمە بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی، رێک پێچەوانەی دیدگە پڕ رقەکەی حەماسە. ئەو چارەسەرە پاداشتێک نییە بۆ حەماس، چونکە بە مانای ئەوە دێ کە حەماس هیچ داهاتوویەک و رۆڵێکی لە حکومەت و ئاسایشدا نابێت."
دوای راگەیاندنی داننان بە فەلەستین، ستامەر باسی دۆخی نێو غەززەی کرد و گوتی: "ئەو قاتوقڕی و تۆقینە بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵکردن نییە. دەیان هەزار کەس کوژراون، لەوانەش ئەو کەسانەی لە کاتی وەرگرتنی خۆراک و ئاو کوژراون. ئەم مەرگ و خاپوورکردنە، هەموومان دەتۆقێنێ."
ستامەر داوای لە ئیسرائیل کرد: "ئەو سنووردارکردنە هەڵبگرە و واز لەو تاکتیکە خراپانە بهێنە، لێگەڕێ هاوکارییەکان بچنە ژوورەوە."
جگە لە بەریتانیا، هەر ئەمڕۆ حکومەتەکانی ئوسترالیا و کەنەدا دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا و پۆرتوگالیش بەنیازە بە فەرمی دانی پێدا بنێت.