داواکاری گشتیی فەرەنسا: بەهای گەوهەرە دزراوەکانی لۆڤەر 102 ملیۆن دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
داواکارێکی گشتیی فەرەنسا رایگەیاند، بەهای ئەو گەوهەرانەی کە لە مۆزەخانەی لۆڤەردا دزراون، زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئاسایشی دامەزراوە کولتوورییەکانی وڵاتەکە چڕتر بوونەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، چەند دزێک لە دزییەکدا کە تەنیا حەوت خولەکی خایاند، چەندین گەوهەری شاهانەی بێوێنەیان لە مۆزەخانەی لۆڤەر دزی.
رۆژی سێشەممە 21-10-2025 لۆر بێکوا، داواکاری گشتیی پاریس رایگەیاند، "بەرپرسی مۆزەخانەی لۆڤەر زیانەکانی بە 88 ملیۆن یۆرۆ یان 102 ملیۆن دۆلار، خەمڵاندووە" و بە بڕێکی "نائاسایی" وەسفیکرد.
بەڵام ئەو گوتی، زیانە گەورەکە بۆ میراتی مێژوویی فەرەنسایەو گوتیشی، دزەکان هەموو بڕە پارەکە وەرناگرن ئەگەر "بیرۆکەی زۆر خراپی تواندنەوەی ئەم گەوهەرانەیان" هەبێت.
رووداوەکە نوێترینە لە زنجیرەی ئەو دزییانەی، کە لەم دواییانەدا مۆزەخانەکانی فەرەنسایان کردووەتە ئامانج و دەسەڵاتدارانی ناچار کردووە بەپەلە رێوشوێنی پاراستنی زیاتر بگرنەبەر.
لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن
لێکۆڵەران هێشتا بەدوای تاوانبارانی دزییەکەی رۆژی یەکشەممەدا دەگەڕێن و لەسەر ئەو بیردۆزە کاردەکەن کە گرووپێکی تاوانکاری رێکخراو بوون، کە بە پلیکانەیەکدا سەرکەوتوون بۆ نێو مۆزەخانەکە و لە کاتی هەڵهاتندا تاجێکی بە ئەڵماسیان فڕێداوە.
بێکوا پشتڕاستی کردەوە کە چوار کەس لە دزییەکەی رۆژی یەکشەممەدا بەشداربوون و رایگەیاند، دەسەڵاتداران خەریکی شیکردنەوەی ئەو پەنجەمۆرانەن، کە لە شوێنی رووداوەکەدا دۆزراونەتەوە.
دزییەکە جارێکی دیکە مشتومڕی لەسەر کەمیی ئاسایش لە مۆزەخانەکانی فەرەنسادا ورووژاندەوە. راپۆرتێکی دادگەی ژمێریاریی فەرەنسا کە ماوەی نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2024ی گرتووەتەوە، ئاماژە بە دواکەوتنێکی "بەردەوام" دەکات لە نوێکردنەوەی سیستمی ئەمنیی لۆڤەردا. تەنیا چواریەکی باڵێکی مۆزەخانەکە بە کامێرای چاودێری داپۆشراوە.
لۆرانس دی کار، سەرۆکی لۆڤەر لە مانگی کانوونی دووەمدا هۆشداریدابوو بە راشیدە داتی، وەزیری رۆشنبیری، ئاماژەی بە پێویستیی بەپەلەی نۆژەنکردنەوەی گەورە کردبوو.
لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆ رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ئاسایشی دەرەوەی دامەزراوە کولتوورییەکان تووندتر دەکاتەوە.
لە دزییەکەی رۆژی یەکشەممەدا، دزەکان هەشت پارچەی بێوێنەیان دزی، لەنێویاندا ملوانکەیەکی زمڕوت و ئەڵماس کە ناپلیۆنی یەکەم بە هاوژینەکەی، ئیمپراتۆر ماری-لویزی بەخشیبوو و تاجێک کە پێشتر هی ئیمپراتۆر ئۆژینی بووە و بە نزیکەی 2,000 ئەڵماس رازێنراوەتەوە.
مۆزەخانەکە رۆژی سێشەممە ئەو رەخنانەی رەتکردەوە، کە گوایە شووشەبەندەکان لاواز بوون و رایگەیاند، لە ساڵی 2019دا دانراون و "پێشکەوتنێکی بەرچاویان لە رووی ئەمنییەوە هەبووە."
سەندیکاکانی کرێکاران گلەییان کردووە کە پۆستەکانی کارمەندانی ئەمنی لە لۆڤەردا کەمکراونەتەوە، تەنانەت لە کاتێکدا ژمارەی سەردانیکەرانی مۆزەخانەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.