رووسیا میوانداریی یەکەم فێستیڤاڵی "پەپوولەی ئەڵماسی" دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رووسیا رۆژی 24ی تشرینی دووەم میوانداریی یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی (پەپوولەی ئەڵماسی) بکات، کە بە گوتەی رێکخەرانی، ئامانج لێی تیشکخستنە سەر بەرهەمی ئەو هونەرمەندانەیە کە رەگ و ریشەی لە بەها رۆحی و کولتوورییە قووڵەکانی یۆرۆئاسیادایە. 
 
فێستیڤاڵەکە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی رووسیاوە بە هاوبەشی دامەزراوەی کولتووریی رووسیا دامەزراوە و وەکو دەستپێشخەرییەکی کولتووریی نێودەوڵەتی ناسێندراوە.
 
ئەم پڕۆژەیە هەوڵ دەدات پەرە بەو فیلمانە بدات کە رەنگدانەوەی بەها ئەخلاقییەکان، شوناسی نیشتمانی و فرەچەشنیی کولتوورین.
 
 بەپێی راگەیێندراوی فەرمی، ئەم فێستیڤاڵە بەتایبەتی بۆ پشتگیریکردنی ئەو سینەماکارانە داڕێژراوە کە لە رێگەی بەرهەمەکانیانەوە کار لەسەر پاراستنی میراتی کولتووری و مێژوویی ناوچەکە دەکەن.
 
بە گوتەی رێکخەرانی، فێستیڤاڵی 'پەپوولەی ئەڵماسی' وەک "پلاتفۆرمێکی داهێنەرانە بۆ پشتگیریکردنی سینەمای نووسەر" کاردەکات و دیالۆگی نێوان نەتەوەکان لە رێگەی هونەرەوە بەهێز دەکات.
 
فێستیڤاڵەکە جەخت لەسەر ئەو بەرهەمانە دەکاتەوە کە یارمەتیدەرن لە یەکخستنی خەڵک، پتەوکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان و هاندانی تێگەیشتنی قووڵتری کۆمەڵایەتی. ئامانج ئەوەیە کە فیلمەکان ببنە پردێکی پەیوەندی بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتر لەنێوان گەلانی جیاوازی یۆرۆئاسیادا.
 
پێشبینی دەکرێ رێوڕەسمەکە لە مۆسکۆ سینەماکاران، هونەرمەندان، رەخنەگران و کەسایەتییە کولتوورییەکان لە سەرانسەری یۆرۆئاسیا، لە ئەورووپای رۆژهەڵاتەوە تاوەکو ئاسیای ناوەڕاست، کۆبکاتەوە.