سەنای تاکائیچی؛ یەکەم ژنە سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن بناسە
رووداو دیجیتاڵ
سەنای تاکائیچی لەلایەن پەرلەمانەوە وەک سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن هەڵبژێردرا، بەمەش بووە یەکەمین ژن کە ئەو پۆستە وەربگرێت.
ئەو ژنە 64 ساڵانە رۆژی دووشەممە، 20-10-2025، دەنگێکی روون و زۆرینەی بەدەستهێنا، بە رێژەی 237 دەنگ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی خواروو و 125 دەنگی دیکە لە ئەنجوومەنی سەرەوە، وەک سهرکردەی پارتی دیموکراتی لیبراڵی دەسەڵاتدار (LDP).
تاکائیچی لە کاتێکی ئابووریی سەختدا دەست بەکار دەبێت کە ژاپۆن بەدەست بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و رای گشتیی بێهیواوە دەناڵێنێت. لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا چوارەمین سەرۆکوەزیرە کە دێتە سەر حوکم، دوای ئەوەی ماوەی کاری سێ سەرۆکوەزیری پێش خۆی بەهۆی گەندەڵییەوە کورت کرایەوە.
هەرچەندە لە سەرەتای مانگی 10 تاکائیچی لە هەڵبژاردنی سەرکردایەتیی LDPدا لە چوار پیاوی بردەوە، بەڵام دەنگی پێویستی پەرلەمانی نەبوو، دواجار رێککەوتنێک لەگەڵ پارتییەکی ئۆپۆزیسیۆنی دیکە (Japan Innovation Party - JIP) ئەوی رزگار کرد.
رووبەڕووی چی دەبێتەوە؟
لە پاڵ کێشە نێوخۆییەکاندا، تاکائیچی رووبەڕووی پەیوەندییەکی هەستیار لەگەڵ دەرەوە دەبێتەوە. کۆریای باشوور بەهۆی سیاسەتی راستڕۆی تاکائیچییەوە کە ناسیۆنالیستە، نیگەرانە. هەروەها وەک هەندێک لە سەرۆکوەزیرەکانی پێش خۆی (وەک شینزۆ ئابێ) بە کەسێکی توند و جەنگخواز سەیر دەکرێت لە بەرانبەر چیندا.
گرنگترین پەیوەندیشی لەگەڵ ئەمریکایە و هەفتەی داهاتوو تاقیکردنەوەیەکی لە بەردەمە؛ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ.
لەکاتێکدا هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنێک سەبارەت بە گومرگ، بەڵام لێدوانەکانی پێشووی ترەمپ و تانەدان لە رێککەوتننامەی ئاسایشی نێوانیان و داواکردنی لە تۆکیۆ بۆ پێدانی خەرجیی زیاتر بۆ بەرگری، نیگەرانی دروستکردووە. تاکائیچی دەبێت لەگەڵ حکومەتێکی ئەمریکای ناپێشبینیکراودا رابەرایەتیی پەیوەندییەکان بکات.
تاکایچی (64 ساڵ) نامۆ نییە بە سیاسەتی ژاپۆن. ئەو هاوپەیمانێکی ناسراوی ئابێیە و چەندین پۆستی وەزیری هەبووە و پێشتریش خۆی کاندید کردووە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران. ئەو وەک سەرکردەی LDP هەڵبژێردرا دوای ئەوەی شینزۆ ئیشیبا، سەرۆکوەزیری پێشوو، لەدوای دۆڕانێکی گەورە لە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولدا دەستی لە کار کێشایەوە.
دژی هاوڕەگەزخوازییە
تاکائیچی بە بۆچوونە کۆنسێرڤاتیڤەکانی ناسراوە، لەوانە دژایەتیکردنی هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان.
لەم پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەم دواییەدا، تاکائیچی پێشنیازی فراوانکردنی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەکانی بۆ تەندروستیی ژنان و پێدانی ناسینەوەی زیاتر بە کارمەندانی پاڵپشتیی ماڵەوە کرد.
کۆتایی بە کارەکە نەهاتووە، چونکە تاکائیچی ئەرکێکی گەورەی لەپێشە: دووبارە بنیاتنانەوەی متمانەی رای گشتی بە پارتیی LDP. پارتەکە بۆ زۆرینەی حەوت دەیەی رابردوو حوکمڕانیی ژاپۆنی کردووە، بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی ئیشیبادا بۆ یەکەم جار لە ماوەی 15 ساڵدا زۆرینەی خۆی لە ئەنجومەنی خواروو لەدەستدا. پاشان لە مانگی تەممووزدا بەهۆی تووڕەیی رای گشتی لەدوای گەندەڵییەکی کۆکردنەوەی هاوکاری، زۆرینەی لە ئەنجوومەنی سەرەوەش لەدەستدا.
بە هەڵبژاردنی تاکائیچی، LDP هیوای خواست دەنگدەرانی کۆنسێرڤاتیڤ بەدەست بهێنێتەوە.
یەکەم کاری دەستخستنی برنجی زیاترە
بەڵام یەکەم کاری تاکائیچی ئەوەیە کە سەرنج بخاتە سەر تووڕەیی رای گشتی لەبەرانبەر بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی نرخەکاندا. بۆ نموونە، کەمیی برنج بووەتە هۆی رێکۆردی بەرزترین نرخ بۆ خۆراکی سەرەکیی ژاپۆن.
رۆژنامە نێوخۆییەکان دەڵێن کە تاکائیچی لەوانەیە ساتسوکی کاتایاما بکاتە وەزیری دارایی، کە دیسانەوە یەکەمین ژنە بگاتە ئەو پۆستە. کاتایاما وەک تاکائیچی، یارمەتیدەری ئابێ بووە.
لە کاتێکدا نیگەرانییەکان سەبارەت بە زیادبوونی قەرزی ژاپۆن و گەشەی سست، وەبەرهێنەرانی نیگەران کردووە، بەڵام سەرکەوتنی ئەو هیوا و گەشبینییەکی بە بازاڕەکان بەخشی.