پارتێکی ئەڵمانیا داوا دەکات ترەمپ بە هاووڵاتیی فەخری ناوچەیەکی وڵاتەکە بناسێنرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیای راستڕۆی تووندڕۆی دژەکۆچبەر داوایەکی پێشکێشی حکومەتی ئەڵمانیا کردووە سەرۆکی ئەمریکا وەکو هاووڵاتییەکی فەخری ناوچەیەکی باشووری رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا بناسێنرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 20ی تشرینی یەکەمی 2025، تۆماس ستیفن، سەرکردەی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا لە شارۆچکەی باد دەرکهایم سەبارەت بە داواکەیان بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "هۆکاری ئەم داوایە لە ئەنجوومەنی ناوچەکەمان ئەوەیە کە (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ئەمریکا بووە هۆی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، دڵنیاییدا کە بارمتە ئیسرائیلیەکان و هەشت بارمتەی ئەڵمانی ئازادبکرێن."
 
رۆژی 10ی ئەم مانگە، ئاگربەستی جەنگی غەززە لەنێوان حەماس و ئیسرائیلەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە. پلانی ئاگربەستەکە لە 20 خاڵ پێکهاتبوو و لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە ئامادەکرابوو؛ لە یەکێک لە خاڵەکاندا داوای ئازادکردنی 20 بارمتەی زیندوو و رادەستکردنی 28 بارمتەی مردووی ئیسرائیل بە تەلئەڤیڤ کرا. ئەمە لە بەرامبەر ئازادکردنی نزیکەی دوو هەزار زیندانی فەلەستینی. 
 
ئەنجوومەنی ناوچەکە داواکەی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیای خستووەتە گفتوگۆوە. بڕیاریشە 29ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی ناوچەکە کۆببێتەوە بۆ بڕیاردان. 
 
هانس ئولریش ئاینفیڵف، سەرۆکی ئەنجوومەنی شارۆچکەی باد دەرکهایم کە لە پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکراتە رایگەیاند، هەستناکات پێشنیازەکە زۆرینەی دەنگەکانی ئەنجوومەن بەدەستبهێنێت. 
 
داپیرە و باپیری سەرۆکی ئەمریکا خەڵکی گوندێکی شارۆچکەی باد دەرکهایمن لە ویلایەتی راینلاند-پەلاتینەیت. لە سەدەی 19 کۆچیان کردووە بۆ ئەمریکا و لە شاری نیویۆرک گیرساونەتەوە.